كەش و هەوا
مژدەیەکى خۆش لە کەشناسییەوە: زستانی ڕاستەقینە دەگەڕێتەوە و بەفر و بارانى باش دەبارێت

مژدەیەکى خۆش لە کەشناسییەوە: زستانی ڕاستەقینە دەگەڕێتەوە و بەفر و بارانى باش دەبارێت
باسک نێت
بەگوێرەی نوێترین پێشبینییە کەشناسییەکان، گۆڕانکاریی بەرچاو لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ڕوودەدات و نەخشەی بارانبارین بۆ مانگەکانی داهاتوو دڵخۆشکەرە.
دۆخی ئێستا و چەند ڕۆژی داهاتوو
بارانبارین کۆتایی نەهاتووە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا بە شێوەی “ناوبەناو” بەردەوامی دەبێت.
بە گوێرەى پێشبینییەکان، ڕێژەی بارانەکە لە نێوان لاواز بۆ مامناوەند و باش دەبێت، بەڵام پشکی شێر بەر ناوچەکانی (سنووریی بادینان، ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر و دەڤەری ڕاپەڕین) دەکەوێت.
هاوکات لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و حاجی ئۆمەران ئەگەری بەفربارین هەیە.
شەپۆلی نوێ و بەهێزتر
دوای تێپەڕبوونی ئەم دۆخەی ئێستا، سیستەمێکی دیکەی “تەڕ و پڕ باران” ڕوو لە ناوچەکە دەکات و کاریگەرییەکانی فراوانتر دەبێت.
پێشبینییەکان بۆ مانگی دوو و سێ؛
وەرزی “خێر و بەرەکەت”، پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە هەردوو مانگی شوبات (٢) و ئازار (٣)، ڕێژەی بارانبارین لە سەرجەم ناوچەکان “سەرووی نۆڕماڵ” دەبێت، واتە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو دۆخەکە زۆر باش دەبێت.
بەفری گشتگیر و سەرمای توند
لەم خاڵەدا پێویستە ئامادەکاری بکرێت؛ پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی دوودا، شەپۆلێکی سەرمای توند ناوچەکە بگرێتەوە و ئەگەری هەیە “بەفری گشتگیر” جارێکی تر شار و ناوچەکان سپیپۆش بکاتەوە.
مانگی دوو (شوبات)، وەک کۆتا وێستگەی سەرمای توند و چالاک دەستنیشان کراوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت زستانێکی ڕاستەقینە لەم مانگەدا بەڕێ بکەین.



