كەش و هەوا

ئەو رەشەبایەی چەند ناوچەیەکی هەرێمی گرتووەتەوە لە سبەینێوە کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت

کەشناسیی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو رەشەبایەی چەند ناوچەیەکی هەرێمی گرتووەتەوە لە سبەینێوە کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت و تاوەکو سێشەممە بەردەوام دەبێت.

بژار ئەکرەم لە بەشی پێشبینی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو رەشەبایەی هەرێمی گرتووەتەوە لە ئەنجامی دوو پاڵەپەستۆی شاری سیبریای روسیاوە سەرچاوەی گرتووە و بە بای سیبیری ناسراوە.

وتیشی، لە کاریگەرییەکانی ئەم بایە ئەوەیە پلەکانی گەرما نزمدەکاتەوە لەگەڵ خۆیدا.

ئەوەشی خستەڕوو، لە سبەینێوە خێرایی با زیاتر دەبێت بۆ زیاتر لە ٣٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و کاریگەرییەکەی تاوەکو رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت و دواتر بەرەو لاوازبوون دەچێت.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە سەرلەبەیانی رۆژی ٢٥ـی شوباتەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ڕەشەبایەکی بەهێز و خێرا ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە و لە ئێوارەى ئەمڕۆشەوە، بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیرى کاریگەرى لەسەر ناوچەکە دەبێت و خێرایی با چالاک دەبێت بەتایبەتی لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و کەرکوک و ئیدارەى گەرمیان.

کەشناسی باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لەهەندێک کاتدا دەگۆرێت بۆ نیمچەهەور، لەکاتەکانی شەودا بارستە هەوایەکی ساردی سێبیری ڕوو لەناوچەکە دەکات، لە شەو درەنگدا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بەفرێکی کەم دەبارێت.

ئەوەش هاتووە، بۆ سبەینێ ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، کاریگەری بارستە هەوایەکی سارد لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک، کە هەندێکجار دەگاتە سەرووی ٣٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

کەشناسی راشیگەیاندووە، پلەکانی گەرما نزیکەی ٥ تا ٧ پلە روو لە نزمبوونەوە دەکەن و لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ سفر پلەی سیلیزی دادەبەزن.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر :١٣

سلێمانی :٨

دهۆک : ١٤

زاخۆ : ١٥

هەڵەبجە :٩

کەرکوک :١٥

سۆران : ٨

حاجی ئۆمەران :٠

گەرمیان :١٥

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close