كەش و هەوا
شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکەمان دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کاتەکانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، کاریگەریی شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکەمان دەکات؛ سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات، پاشان درێژدەبێتەوە بۆ سەر سەرجەم ناوچە جیاجیاکان، لەگەڵ بارانبارین، ناوچە سنوورییەکان و لوتکە و قەدپاڵی چیا بەرزەکان، بەتایبەت ئەو چیا بەرزانەی 1500 مەتر بەرزترن لە ئاست رووی دەریا، بەفربارینی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دواینیوەڕۆوە، کاریگەریی ئەو شەپۆلە زیاددەکات؛ بارانبارین بەشێوەی بارانی مامناوەند و هەندێک ناوچەی سنووری ئیدارەی زاخۆ و پارێزگای دهۆک و سنووری پارێزگای سلێمانی و چەمچەماڵ و باکووری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، رێژەی بارانبارینی بەشێوەی لێزمەبارانی کورتخایەن و هەورەتریشقەشی دەبێت. پلەی گەرمییش بە (2-3) پلەی سیلیزی نزمدەبێتەوە.
کەشناسی پێشبینییش دەکات، سبەى پێنجشەممە، کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا کاتەکانی بەیانیی زوو، بە نمەبارانی پچڕپچڕ لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامدەبێت، لە کاتەکانی نیوەڕۆ، ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور؛ بارانبارین و بەفربارین لەسەر ناوچە سنوورییەکان و لوتکەی شاخە بەرزەکان لە هەندێک کاتدا بەردەوامیی دەبێت تا دواینیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە.
دەشڵێت، نزمترین پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە و بەرزترینیش، نزمدەبێتەوە بە (1-2) پلەی سیلیزی.




