رابــه‌ری گشتیكوردستانهەواڵ

رابه‌ری گشتی :هەوڵێک هەبوو بۆ لاوازکردنی بزووتنەوە و ئەو ئاراستەیە ئێستاش لە ناوچەکە و جیهان لە هەوڵی لاواز کردنی هێزە ئیسلامییە سوننەکان دایە

مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزوتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندوە، “بزوتنەوەی ئیسلامیی ریشەیەکی قوڵی هەیە وەکو جوڵانەوەیەک لە پەنجاکانەوە هەبوە، بەتایبەتی لەسەر دەستی مامۆستا مەلا ساڵح-ی گەورە کە چوە بۆ بەغدا و ئەم بیرۆکەیەی هێناوەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی خەریکی خوێندنەوە و کاری فیقهی بوە، بۆیە کارەکانی داوەتە دەست مامۆستا مەلا عوسمان و یەکەمین کەس بو کە کتێبەکانی وەرگرت و سەردانی بەغدای کرد و ئەو کاتە ئیخوان هاتە هەڵەبجە، واتا ئیخوان یەکەمجار هاتە هەڵەبجە و نەچوە هیچ ناوچەیەکی دیکەی کوردستان”.

رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز دەڵێت، هەوڵێک هەبوو بۆ لاوازکردنی بزووتنەوە و ئەو ئاراستەیە ئێستاش لە ناوچەکە و جیهان لە هەوڵی لاواز کردنی هێزە ئیسلامییە سوننەکان دایە.

مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بە بێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێک لە ناوچە و جیهان بێنێت، و بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت، وڵاتی ئیسلامی لە ناوچەکە هەیە، بە سەرکەوتنی ئێمە لە کوردستان تێکچوون، لە میسر پشتیوانی کە سیسی و لە لیبیاش بە شکستی حەفتەر نیگەرانن.

بە بڕوای رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، شەڕ لە دژی ئەوان نەک تەنیا بە پلان و سیاسی بووە، بەڵکوو هەندێک جار راستەوخۆش شەڕیان لەگەڵ کراوە بەڵام وەک ئەو دەڵێت، حزبەکەی رێچکەی ئایینی و نەتەوەیی خۆی گرتووەتە بەر و زۆربەی مامۆستایانی ئایینی ئەگەر راستەوخۆ ئەندامیشیان نەبن، بەڵام پشتیوان و لایەنگریانن.

لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی رابردوودا، هاوکات سەحوەی ئیسلامیی و مارکیسیزم لە ناوچەی هەوراماندا و بە دیاریکراوی لە شاری هەڵەبجە سەریانهەڵدا و دواتر بە چەند قۆناغێکی جیاوازدا تێپەڕبوون و لە کۆتاییشدا سەحوەی ئیسلامیی چەند حزبێکی دیکەی ئیسلامیی لێ بووەوە و دواتریش بەنیازی دروستکردنی بەرەیەکی ئیسلامیی بوون کە تا ئێستاش دروستکردنی ئەم بەرەیە بە نادیاری ماوەتەوە. رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵودا ئاماژە بە مێژووی بزووتنەوەی ئیسلامیی دەکات و رایدەگەیەنێت لە کۆنگرەی داهاتوودا کە بڕیارە مانگی تەمووزی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، خۆی کاندید ناکاتەوە.

رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، مامۆستا عیرفان عەلی عەبدولعەزیز دەربارەی مێژووی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە قۆناغی سەرەتادا لە دیمانەکەی ئاژانسی ئانادۆڵودا دەڵێت “بزووتنەوەی ئیسلامیی ریشەیەکی قوڵی هەیە وەکو جووڵانەوەیەک لە پەنجاکانەوە هەبووە، بەتایبەتی لەسەر دەستی مامۆستا مەلا ساڵح-ی گەورە کە چووە بۆ بەغدا و ئەم بیرۆکەیەی هێناوەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی خەریکی خوێندنەوە و کاری فیقهی بووە، بۆیە کارەکانی داوەتە دەست مامۆستا مەلا عوسمان و یەکەمین کەس بوو کە کتێبەکانی وەرگرت و سەردانی بەغدای کرد و ئەو کاتە ئیخوان هاتە هەڵەبجە، واتا ئیخوان یەکەمجار هاتە هەڵەبجە و نەچووە هیچ ناوچەیەکی دیکەی کوردستان، لەوێیەوە سەرەتایەکی سەحوەی ئیسلامیی دروست بوو، بەڵام بەرلەوە دامەزرێنەری حزبی شیوعیی (فەهد) هاتبووە ناوچەکە و ئەویش نەواتی سەرەتایی حزبی شیوعیی لە هەڵەبجە و تەوێلە و هەورامان دروست کردبوو، ئەم دوو رەوتە، رەوتێکی مارکیسیزمی توندڕەو و رەوتێکی سەحوەی ئیسلامیی لە هەڵەبجەوە سەریان هەڵدا”.

مامۆستا عیرفان عەبدولعەزیز دەشڵێت “سەحوەی ئیسلامیی لەنێوان ساڵانی ١٩٤٩-١٩٥٠ دەستی پێ کرد تا ساڵی ١٩٨، لەوە بەدواوە حاڵەتێک دروست بوو کە حزبی بەعس هەموو لادێیەکانی چۆڵ کرد، بەنیازبوو خودی هەڵەبجەش چۆڵ بکات، ئیتر هاتە سەر ئەوەی خەڵک هاتنە لای مامۆستا مەلا عوسمان و مامۆستا مەلا عەلی، گلەییان کرد لەو بارودۆخە و گوتیان گەنجەکان دەچنە ئەم کەژ و کێوە و کاتێک ئێوە لەوێ بوونتان نییە ئەوە ئەوان دەبنە مارکسی، بۆیە مامۆستا مەلا عوسمان لە رۆژی ١٣ی ئایاری ١٩٨٧ جیهادی راگەیاند و راپەڕینێکی گەورە لە حەوزەی شارەزوور و هەڵەبجەدا دروست بوو، ئیتر لەم راپەڕینەوە بزووتنەوەی ئیسلامیی لەدایک بوو”.

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: “دوای راپەڕینی گەلی کورد لە بەهاری ساڵی ١٩٩١، بزووتنەوەی ئیسلامیی یەکێک بوو لەو سێ هێزە سەرەکییەی کە لە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەرێمەکەدا بوونیان هەبوو، تا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ساڵی ١٩٩٥ بزووتنەوەی ئیسلامیی رۆڵی هەبوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٨ بەدواوە بزووتنەوەی ئیسلامیی وەک ساڵانی پێشتر نەما و بەرەو لاوازی چوو”.

مامۆستا عیرفان عەبدولعەزیز هۆکاری ئەو لاوازییە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دەستێک هەیە دەیەوێت بزووتنەوەی ئیسلامیی دووربخاتەوە و بە تایبەتیش دوای ئەوەی ئەوان بە ئاشکرا دژی هاتنی و لەشکرکێشی ئەمریکا بوون بۆ عێراق و لەم بارەیەوە دەڵێت: “تا ساڵی ١٩٩٥ بزووتنەوەی ئیسلامیی بەشێک بووە لە حاڵەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک بوو لە سێ هێزە سەرەکییەی کوردستان هیچ شتێک تا ساڵی ١٩٩٥ بەبێ بزووتنەوە نەکراوە، هەتا لە دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتیش، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٨ هەستمان کرد دەستێک هەیە دەیەوێت بزووتنەوەی ئیسلامیی دووربخاتەوە، چونکە لەو کاتەوە رۆژئاوا زیاتر پاڵپشتی ئەو حزبانەی دەکرد کە علمانی بوون، بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٠١ کە بۆیەکەمجار رازی نەبووین لە بابەتی هاتنی ئەمریکا وەکو داگیرکارێک بۆ عێراق، ئێمە رازی نەبووین بە کۆنگرەی لەندەن، ئەمەش وایکرد کە دۆناڵد رامسفیڵد لە کۆبوونەوەیەکدا بڵێت کە مەلا عەلی دژایەتیمان دەکات، دوای ساڵی ٢٠٠٣ و هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق، هێزێکیان ناردە هەڵەبجە و ماوەی دوو هەفتە مامۆستا مەلا عەلی دەستبەسەرکرا”.

بزووتنەوەی ئیسلامیی یەکەم حزبی ئیسلامی چەکدارە کە لە کوردستانی عێراق دامەزراوە و بە فەرمی راگەیەندراوە و لە ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ بزووتنەوەی راپەڕین یەکیان گرتووەتەوە کە مەلا سدیق سەرکردایەتی دەکرد و بزووتنەوەی یەکبوون-یان راگەیاند، بەڵام زۆری نەخایاند کە ئەم یەکبوونە بووە ھۆی دابەشبوونی بزووتنەوەی ئیسلامیی بۆ سێ پارتی ئیسلامی (بزووتنەوەی ئیسلامیی، کۆمەڵی ئیسلامیی و ئەنسارو لئیسلام).

دوای پارچەبوونی بزووتنەوەی ئیسلامیی و دابەشبوونی بەسەر سێ هێزی جیاوازدا، هەوڵدرا بەرەیەکی ئیسلامیی دروست بکرێت، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی ئاماژە بەوە دەکات کە هەر ئەو هێزەی بزووتنەوەی پارچە پارچە کردە، هەر ئەویش ناهێڵێت بەرەی ئیسلامیی دروست بێت، ئەگەرنا بزووتنەوەی ئیسلامیی کێشەی نییە.

لەبارەی ئاشکراکردنی ئەو هێز و لایەنانەی کە رێگا نادەن بەرەی ئیسلامیی دروست بێت، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز دەڵێت “بێگومان هێزی ناوچەکەیە ناهێڵێت، هەتا نەک بۆ کوردستان، بەڵکو ئێستا بۆ لیبیا پێی ناخۆشە کە هێزی حەفتەر دەشكێت، لەبەر ئەوە ئەو هێزە بوونی بزووتنەوەی ئیسلامیی بە هەڕەشە دەزانێت”.

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە سەرسووڕمانەوە دەڵێت، ئەگەر چی خۆشیان بە موسڵمان دەزانن، بەڵام وڵات هەیە لە ناوچەکە، لە لیبیا دژی حەفتەرە، لە میسر پشتیوانی لە سیسی دەکات، لە کوردستانیش ئەوە پێشی چالاکی ئێمە دەگرێت.

لە ساڵی ١٩٩٣ شەڕێکی گەورە لەنێوان بزووتنەوەی ئیسلامیی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەڵگیرسا کە نزیکەی چوار ساڵی خایاند و چەندین کەس لە هەردوولا کوژران، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی ئاماژە بەوە دەکات کە هەواڵگری بێگانە هۆکارێک بوون بۆ هاندانی یەکێتی و شەڕکردنی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیی و گوتی: “لە ویکلیکیسدا هاتوو دەڵێت کە هەواڵگری بێگانە بوونی بزووتنەوەیان بە هەڕەشەیەکی جددی زانیووە و نەیانوویستووە هاوسەنگی تێکبچێت، وایاندەزانی بزووتنەوەی ئیسلامیی هاوسەنگی هێز لە کوردستاندا تێکدەدات، بۆیەش ئەم شەڕەیان دروستکرد بە یارمەتی هەواڵگری بێگانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-یان هەڵنا و ئەم شەڕە گەوریەی لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیی کرد و ئەو هەموو کادیرەی بزووتنەوەی شەهید کرد، دوای ئەوە بزووتنەوە کە خرایە دەرەوەی یارییەکە، ئیتر وردە وردە لاواز دەبێت، دەنا بە سەدان کادری بزووتنەوەی ئیسلامیی ئێستاش بزووتنەوەیان هەر خۆش دەوێت، بەڵام ئەندام نییە، چونکە دەترسێت لە گیان و پێگەی خۆی”.

رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، مامۆستا عیرفان عەبدولعەزیز دەشڵێت “لە ساڵی ١٩٩٢ بە دواوە ئەمریکا ستراتیجییەتی خۆی گۆڕی چونکە تا ئەوکاتە سوودی دەبینی لە وەرقەی دینی دژبە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، بەڵام لە دوای ١٩٩٢ ستراتیجییەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت؛ دەبێت پێچەوانە کار بکەین دژبە بزووتنەوە ئیسلامییەکان، تەفرەقەیان تێبخەین و نەهێڵین بوونیان هەبێت لە کاتێکدا ئێمە یەکەمین بزووتنەوەی ئیسلامیی بووین کە زۆر بە ئاسایی لەگەڵ حزبە علمانییەکان رێککەوتنمان هەبووە و لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا دانیشتمان هەبووە”.

رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی پێی وایە ئەگەرچی لاوازبوونی بزووتنەوەکەیان بەراورد بە ساڵانی پێشوو هۆکارێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە گۆڕەپانی سیاسیی، بەڵام جەختیش لەوە دەکاتەوە کە لە هەڵبژاردنەکان بەهۆی نەبوونی شەفافییەتەوە نەیانتوانیووە دەنگی راستەقینەی خۆیان بەدەست بهێنن و ئاشکرایشی دەکات کە دەستێک هەیە نایەوێت هێزە سوننەکان بوونیان هەبێت و لەمبارەیەوە گوتی: “نموونەیەکی زیندوو هەیە کە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای هەڵبژاردنەکان، سەعید کاکەیی دەڵێت هەموو بەڵگەکانم لایە لە سلێمانی لەسەدا ٩٣ تەزویرکراوە لە هەڵبژاردنەکان، ئێ کەوایا من چۆن دەنگ دەهێنم، دواتریش بە ئاشکرا گوتیان نابێت بزووتنەوە بێت بۆ بەغدا، واتا دەستێک هەیە کە حەز ناکات هێزە سوننەکان بوونیان هەبێت”.

لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەدا، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ئاماژەی بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان کرد و پێی وایە کە ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە خولی پێشووتر خراپترە، هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی سەرەڕای ئەوەی پیاوێکی بەهێزە، بەڵام کارەکانی وەک پێویست لەبەر ناڕوات و گوتی: “لەبەر ئەوەی دۆخەکە ناجێگیرە و ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان لە خولی پێشووتر خراپترە، هەم سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی کە سەرەڕای ئەوەی پیاوێکی بەهێزە، بەڵام کارەکانی لەبەر ناڕوات، ناتوانێت بەپێی توانا کارەکانی لەبەردەمدا بڕوات، لەبەر ئەوە هەم دۆخی بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت و هەم بارودۆخی هەرێمی کوردستانیش باش نییە. بۆیەش خەڵک وردە وردە دەنگی بەرزبووەتەوە و گلەیی هەیە”.

دوای دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چەند جارێک بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی حزبەکان، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچوو و ماوەیەکیشە ئەم کۆبوونەوانە ئەنجام نادرێن، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی-یش پێی وایە ئەنجامنەدانی ئەم کۆبوونەوانە دەرەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە و وەک دەبینین ماڵی حزبە سیاسییەکان شپڕزە بووە و گوتی: “کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باش بوون، چونکە حزبەکان کە لەوێ دادەنیشتین و بۆچوونی خۆمان دەخستەڕوو، لەسەر کۆمەڵێک دۆسیە رێکدەکەوتین، بەڵام ئێستا کە ئەم دانیشتنانە ناکرێت سەیر دەکەین زیاتر ماڵی حزبە سیاسییەکان شپڕزە بووە، ئەگەرنا جاران باشتر بوو”.

بزووتنەوەی ئیسلامیی لەسەرەتای دروستبوونییەوە تا ئێستا هەر چوار ساڵێک کۆنگرەی خۆی بەستووە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیش بڕیارە ئەمساڵ لە مانگی تەمووزدا، کۆنگرەی ١٣ی بزووتنەوەی ئیسلامیی ئەنجام بدرێت، رابەری گشتیی بزووتنەوەیش ئاشکرای دەکات کە خۆی بۆ ئەم پۆستە کاندید ناکاتەوە و خەریکی بەڕێوەبردنی سەنتەرێکی ستراتیجیی دەبێت.

لەبارەی جیاوازی کۆنگرەکانی پێشووتر و کێشەکانی ناو کۆنگرە و چارەسەرکردنیان، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز گوتی: “هیچ کێشەیەکمان لە کۆنگرە نەبووە تەنها ئەو کاتانە نەبێت کە هێزی دەرەکی دەیویست کۆنگرە تێکبدات، بۆ ئەمجارەیش هەندێک لە کارەکان لیژنەمان بۆی دیاریکردووە، بەڵام بەهۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا نازانم دەتوانین کارەکان بکەین یان نا”.

لەبارەی ئەو هێزانەی کە هەم هەوڵیانداوە بزووتنەوە پەراوێزبخەن و هەم ویستوویانە کۆنگرە تێکبدەن، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز دەڵێت “ئێمە بە ئاشکرا بەو هێزەمان گوتووە، بەڵام حەز ناکەین لە راگەیاندن ناوی بهێنین، ئەگەرنا دەزانین پارەیان خەرجکردووە بۆ ئەوەی رەوتی کۆنگرەکان بە شێوەیەکی ئاسایی نەڕوات، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠١ نەبێت کە دەستی خۆیان وەشاند”.

رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی گوتیشی: “من بەنیاز نیم خۆم کاندید بکەمەوە و هەر کەسێک رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی بێت، کێشە نییە، من بۆخۆم بەرنامەیەکی دیکەم هەیە کە خەریکی سەنتەرێکی ستراتیجیم و کاری تیادا دەکەم، لەماوەی ئەو هەشت ساڵەی رابەری بزووتنەوەم ماندووبووم و ریشم تیاییدا سپی کرد، بەنیازم لە ئایندەدا بەرنامەی خۆم بگۆڕم و خۆم یەکلایی دەکەمەوە بۆ شتی فەرهەنگی و سیاسیی”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close