
رۆژنامەی ” الشرق الاوسط”:
فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ وەرگرتنی موچەكانیان هانا بۆ دادگای فیدراڵی دەبەن
باسک نێت
پێدەچێت، فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان جگە لە دادگای فیدراڵی هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نەدۆزیبێتەوە بۆ وەرگرتنی موچەكانیان، ئەوەش دوای ئەوەی ناکۆکییە دارایی و تەکنیکی و سیاسییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر، لە ماوەی (10) ساڵی رابردوودا، هەندێکجار موچەکەیانی دواخستووە، یان هەر پێیان نەدراوە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی کوردستان سکاڵای یاساییان لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرد، داوایان کرد موچەکان لە کاتی خۆیدا بەردەوام بن، ئەوەش لەسەر بنەمای بڕیارێکی پێشوی دادگای فیدراڵی.
ئەو داواکارییە چەند رۆژێک دوای ئەوە هات ، تەیف سامی وەزیری دارایی فیدراڵی، بڕیاری راگرتنی بودجەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییەكانی تری راگرت، بە بیانوی ئەوەی هەرێم پشکی بودجەی دیاریکراوی خۆی(12.67%) لە بودجە تێپەڕاندووە، ئەم بڕیارە قەیرانێکی سیاسی نوێی لە نێوان بەغداد و هەولێر دروستکرد.
فەرمانبەرە کوردەكانداوایان کردووە، دادگای فیدراڵی “فەرمانی سالاری” دەربکات بۆ راگرتنی بڕیارەکەی وەزیری دارایی، بە راگرتنی بودجە بۆ موچەی فەرمانبەران لە کوردستان.
هەروەها داوایان کردووە وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند بکرێت بە پێدانی موچە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارێکی پێشوی دادگاكە، کە لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوودا دەرچووە، هاوكات پابەندكردنی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاكان و فەرمانگە نەبەستراوەكان بە وەزارەتەكان و، خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێم، لە بانکە حکومییە فیدراڵییەكان کە لە دەرەوەی هەرێم کاردەکەن و، لە پشکی هەرێم ببڕێت، كە بەپێی یاسای بودجە دیاری کراوە.




