بەڕێوەبەری بەشی کۆنترۆڵی بازرگانی و دارایی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، لەڕێی چەند ڕێکارێکەوە کۆنترۆڵی نرخ و جۆریەتیی کاڵا و کەرەستە خۆراکییەکان دەکرێت لە بازاڕەکانی ناوخۆدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ریاز موسەوی بەڕێوەبەری بەشی کۆنترۆڵی بازرگانی و دارایی لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵیی عێراقی ڕاگەیاند، لەپێناو سەقامگیرکردنی نرخ و کوالێتیی کاڵا و کەرەستە خۆراکییەکان، ڕێکارەکانیان بە هەماهەنگیی وەزارەتی تەندروستی چڕترکراونەتەوە و ڕێگە لە چەندین ساختەکاریش گیراوە.
موسەوی باسی لەوەش کرد، لەڕێی تیمە هاوبەشەکانی چاودێری و سەرپەرشتیاری هەردوو وەزارەتەکە چەند کەرەستەیەکی خۆراکی کە پێکهاتبوون لە شیر، برنج و کەرەستەی دیکە بە ناو و کێشی جیاواز بە هاوڵاتییان دەفرۆشرانەوە لە چەندین فرۆشگا دەستیان بەسەرداگیراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لە فرۆشگاکان دەستکاریی کێشی کەرەستەکانیان بە تایبەت ماسی و گۆشتی سور کردبوو.