
تۆڕێکی ١٢ کەسیی دامەزراندنی وەهمی و ساختەکاریی ئاشکرا کرا
باسک نێت
دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکردنی تۆڕێکی ساختەکاری لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕەسافەی یەک لە بەغدا ڕاگەیاند، کە لە بەرامبەر پێدانی پارەدا بەڵێنی دامەزراندنی وەهمییان بە هاووڵاتییان داوە و بەڵگەنامەی فەرمییان ساختە کردووە.
دەستەی دەستپاکی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە بەپێی بڕیاری دادگا ئەنجام دراوە، تۆڕێک ئاشکرا کراوە کە لە ١٢ فەرمانبەر پێکهاتوون. ئەم تۆڕە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردووەوە دەستیان داوەتە فێڵکردن و ساختەکاری و لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارە، بەڵێنی دامەزراندنیان بە هاووڵاتییان داوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی دەستپاکی، ئەندامانی ئەم تۆڕە جگە لە خەڵەتاندنی هاووڵاتییان، بەڵگەنامە سەرەتایییەکانی دامەزراندنیان ساختە کردووە، هاوکات ڕێکاری خەرجکردنی مووچەیان بۆ ژمارەیەک فەرمانبەر ڕێکخستووە کە بەبێ ئەوەی ئامادەی دەوامی فەرمی بن، مووچەی مانگانەیان وەرگرتووە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە کە دوو تیمی لێکۆڵینەوە لە بەغدا پێکهێنران و بە هەماهەنگی لەگەڵ شانەی هەڵۆکانی هەواڵگری و هێزە ئەمنییەکان، حەوت لە ئەندامانی تۆڕەکە دەستگیر کران و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ پێنج تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکە دەرچووە.
لە کۆتاییدا، پەڕاوی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرداگرتن لەگەڵ تۆمەتباراندا ڕادەستی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافەی تایبەتمەند بە کەیسەکانی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە کرا، دادوەریش بەپێی بڕیاری (١٦٠ـی ساڵی ١٩٨٣)ـی هەموارکراو بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکردن.




