
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە گوشارە ئابوورییەکان و هەڕەشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەی تەنیا دووبارەبوونەوەی سیاسەتە شکستخواردووەکانی ڕابردووە و تاران لە گەمارۆکان ناترسێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە واشنتن جگە لە دیالۆگ لەسەر بنەمای ڕێز، هیچ بەدیلێکی دیکەی نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ـی 8ـی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەراوێزی ڕێوڕەسمێکی ناوخۆییدا ئاماژەی بەوە کرد کە سیاسەتی ئێستای ئەمەریکا بەکارهێنانەوەی هەمان ئەو ئامرازانەیە کە لە ڕابردوودا پەنای بۆ بردوون.
ناوبراو ئەوەی بە سیناریۆیەکی دووبارەبووەوە ناوبرد و گوتی: “دوای هەڕەشە و کردەوەی سەربازی، ئەمەریکا جارێکی دیکە پەنای بۆ ئەو ئامرازە ئابووری و گوشارانە بردووەتەوە کە پێشتر دژی تاران بەکاری هێناون.”
عێراقچی گەڕانەوە بۆ ئەو سیاسەتانەی بە ڕەنگدانەوەی “دۆخێکی بێدەسەڵاتی” وەسف کرد و ڕایگەیاند کە واشنتن هیچ چارەسەرێکی نوێی نییە، بۆیە بەردەوام پلانە کۆنەکان دووبارە دەکاتەوە. هەروەها جەختی کردەوە: “دەبێت ئەمەریکییەکان لەوە تێبگەن کە هیچ بەدیلێک نییە جگە لە قسەکردن لەگەڵ گەلی ئێران بە ڕێزەوە و گەیشتن بە چارەسەرێک لەسەر بنەمای دادپەروەری و شەرەف.”
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئێرنا) سەبارەت بەوەی ئایا تاران لە ئابڵوقەی ئابووری دەترسێت، عێراقچی ڕایگەیاند: “ئێران هەرگیز لەوە ترسی نەبووە.”
ئاماژەی بەوەش کرد کە هەنگاوەکانی پێشووی ئەمەریکا، چ ئابووری و چ سەربازی، بە ئامانجەکانیان نەگەیشتوون و پێشبینی دەکات هەنگاوە نوێیەکانیش هەمان چارەنووسیان هەبێت.
ئەم لێدوانانەش دوای ئەوە دێن کە ناوبراو دوو ڕۆژ پێشتر لە کاردانەوە بە زیادبوونی گوشارەکان، ڕایگەیاندبوو کە ئێران پێشتر ڕووبەڕووی سیاسەتی “زۆرترین گوشار” بووەتەوە.
جێی باسە، لە ساڵی 2018دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و سزای توندی بەسەر کەرتە گرنگەکانی ئابووریی ئێراندا سەپاندەوە و ستراتیژی “زۆرترین گوشار”ـی گرتەبەر، بە ئامانجی کەمکردنەوەی داهاتەکانی ئێران و ناچارکردنی بە قبووڵکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ.
لە بەرامبەردا، تاران بەردەوام جەخت دەکاتەوە کە گەمارۆ و هەڕەشەکان ناچاری ناکەن سازش بکات، و لێدوانەکانی ئێستای عێراقچیش پەیامێکە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو سزایانە و بە کراوەیی هێشتنەوەی دەرگای دیالۆگ بەپێی مەرجەکانی ئێران.




