
الشرق الاوسط:
شیعەكان بە نیازن چارەسەركردنی دۆسیەی حەشدی شەعبی و چەكی گروپەكان بخەنە بەرنامەی كاری حكومەتەوە
باسک نێت
رۆژنامەی “الشرق الاوسط” :
حزبە شیعیە براوەكان لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراقدا نزیكبوونەتەوە لە بڕیاردان لە بارەی چارەنوسی حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی ئێران، بەڵام پرۆسەکە چاوەڕوانی کۆدەنگی شیعەکانى ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و رەزامەندی ئێرانە، دواجاریش دانوستانێكی نا نەریتی لەگەڵ واشنتۆن.
رۆژنامەكە لە سەرچاوەکانی ناو حزبە سیاسییەکان و گروپەكان و دەزگا ئەمنییەکانەوە زانیویەتی، لایەنە شیعیەکان بە جدی تەماشای دۆسیەی حەشدی شەعبی و چەكی گروپەكان دەكەن، لە ساتەوەختێكدا كە فشارەكان لەسەر دۆسییەكە چڕبونەتەوە؛ دیارترینیان، هەستکردنە بەوەی هێزە شیعيەکان ماندبوون بەدەست ململانێیەكی وێرانكەرەوە، كە پەیوەستە بە هەژمونیان لەناو حەشدی شەعبیدا.
سەرکردەیەکی دیاری شیعەکان راگەیاندووە: عێراق پێویستی بە بەکارهێنانی چەک نابێت لە قۆناغی داهاتوودا، دۆخی وڵات سەقامگیرەو پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە لەسەر ئاستی ئەمنی.
سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەشكردووە: گفتوگۆكان لەبارەی حەشدی شەعبی لەناو قوڵایی دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و كاندیدی سەرۆكایتیەكەیدایە، هێزە شیعیەكان پێشنیازیان كردووە كارنامەی حكومەتی نوێ بڕگەی روونی تیادابێت چارەسەری ئەم پرسە بكات.
گفتوگۆكانیش لە دەوری سێ رێگا دەسوڕێنەوە: تێكەڵاوكردنی حەشد لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت یان کەمکردنەوەی ژمارەی بۆ باشتر کۆنترۆڵکردنی لەڕووی دارایی و ئاسایشەوە، یان پچڕاندنی پەیوەندییە سیاسییەکانی و ملكەچكردنی لە ژێر فەرماندەییەكی سەربازیی ناوەندیدا.




