
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی کردووە، بە بیانووی “دڵنیابوون لە یەکسانی ئەتۆمی لەگەڵ ڕوسیا و چین.
لە گوتارێکی ڤیدیۆیدا، ترامپ ڕایگەیاند کە ئەمریکا گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمی لە جیهاندا هەیە، ئەمەش گەڕاندەوە بۆ هەوڵەکانی لە کاتی سەرۆکایەتییەکەیدا بۆ نوێکردنەوە و مۆدێرنکردنی هێزی سەربازی، لەوانەش نوێکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، وتیشی: سەرەڕای هێزی وێرانکەری زۆری چەکی ئەتۆمی، کە مامەڵەکردنی زۆر قورس کردووە، هیچ بژاردەیەکی دیکەم نەبینی جگە لە گرتنەبەری ئەم هەنگاوە.
ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە ڕوسیا لە پلەی دووەمی جیهاندایە لە ڕووی هێزی ئەتۆمییەوە، لە کاتێکدا چین لە پلەی سێیەمدا دێت، بەڵام پێشبینی کرد کە چین لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە و ڕکابەری ئەمریکا بکات.
جەختیكردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی پڕۆگرامەکانی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە ئەنجام دەدرێن، من فەرمانم بە وەزارەتی جەنگ (پێنتاگۆن) کردووە کە دەستبەجێ دەست بە تاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانمان بکات بە هەمان ئاست.
دوو ڕۆژ پێشتر، ترامپ باسی لەوە کردبوو کە وڵاتەکەی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی ئەنجام دەدات، و پێی وابوو کە ڕوسیا و چین و کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجام دەدەن.
لە وەڵامی لێدوانەکانی پێشووی ترامپ، دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا، ڕۆژی چوارشەممە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی “X” نووسیبووی: “کەس نازانێت ترامپ مەبەستی چی بوو کاتێک باسی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی دەکرد، ڕەنگە خۆیشی نەزانێت.




