
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2025ـی تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەمیشەیی بۆ سیاسەتمەداران هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، “ئەو هەموارە پێچەوانەی دەستوری عێراقە”.
دادگای باڵای فیدراڵی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە دادگای باڵا دانیشتنی خۆی بە سەرۆكایەتی دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن و بە ئامادەبونی سەرجەم دادوەرانی ئەندام ئەنجامدا و لێكۆڵینەوەی لەو دۆسیانە كرد كە لە بەرنامەی كارەكەیدا بون.
ئاماژەی بەوەشكرد، دادگاكە دو داوای بینی؛ تانەدان لە نادەستوریبونی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2025 (هەمواری یەكەمی یاسای پاسپۆرتی ژمارە 32ی ساڵی 2015)، یەكەمیان لەلایەن وەزیری دەرەوە و دوەمیان لەلایەن وەزیری ناوخۆوە تۆماركراون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوكە، دادگا بڕیاریدا بە یەكخستنی ئەو دو داوایە و بەیەكەوە سەیریان بكات، هەروەها بڕیاری دا كە یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2025 (یاسای هەمواركردنی یەكەمی یاسای پاسپۆرت ژمارە 32ی ساڵی 2015) نادەستورییە، بەو پێیەی ناكۆكە لەگەڵ بڕگەكانی ماددەكانی (14)، (16)، (47) و (80)ی دەستوری كۆماری عێراق.




