
باسک نێت
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، ژمارەیەك سزای نوێی پەیوەست بە ئێرانی پەسەندكردوە کە 10 کەس و 27 كۆمپانیا و دامەزراوە لە خۆدەگرێت كە بەشێكیان لە ئیمارات و هۆنگ کۆنگن.
نوسینگەی کۆنترۆڵی سەروەت و سامانی دەرەکی لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوكردوەتەوە و تێیدا هاتوە، ژمارەیەك سزایان سەپاندوە كە کەسان و کۆمپانیاکانی ئێران، ئیمارات، چین، شانشینی یەکگرتو و هۆنگ کۆنگ دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، سزاکان 10 کەسی کردوەتە ئامانج کە هەندێکیان خاوەنی دو ڕەگەزنامە بون، کە چالاکییەکانیان لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران و هەروەها لەندەن و دوبەی ئەنجامداوە.
بەگوێرەی فەرمانی جێبەجێکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سەرجەم ئەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، لەلایەن واشنتنەوە تۆمەتبارن بەوەی کە بەشداری لە چالاکییە نایاساییەکان دەکەن بۆ پشتیوانیکردن لە ئێران.
جگە لەوەش سزاکانی ئەمریکا، 27 دامەزراوەی بازرگانی چەندین وڵاتی گرتوەتەوە کە بەشێکیان لە ساڵی 2024 تۆمارکراون، ئەوەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامی چالاکییەکانە سەرەڕای سزاکانی پێشوو.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئەو كەس و دامەزراوانەی كە سزادراون، چالاكییەكانیان بریتی بوە لە بازرگانی گشتی، پترۆکیمیایی، گواستنەوەی پارە و خزمەتگوزاری لۆجستی.




