كوردستانهەواڵ

سزای لەسێدارەدانی بۆ مامۆستایەکی ئایینی کورد دەرکرا

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی ئێران و رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویانکردووەتەوە، پێشنوێژو وتارخوێنێکی ئایینی بە ناوی محەمەد خزرنەژاد تەمەن 45 ساڵ، کە زیاتر لە ساڵێکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی ورمێ بە تاوانی “زیان گەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات” و “پڕوپاگەندە دژی حکومەت” لەلایەن دادوەر رەزا نەجەفزادە سزای لەسێدارەدان و 16 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە.

رێکخراوی هەنگاو لە زاری کەسە نزیکەکانی ئەو مامۆستا ئایینییە بڵاویکردووەتەوە، دانیشتنی دادگاییکردنی مامۆستا محەمەد خزرنەژاد بۆ ماوەیەکی کورت و لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچووە، بۆ سەپاندنی سزاکەش، دادگا تەنیا پشتی بە راپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات بەستووە، جیا لەوەی مافی بوونی پارێزەریشی نەبووە بۆ ئەوەی بەرگری یاسایی لێ بکرێت، ماوەی سێ مانگ و نیو لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە و بەزۆر دانپێدانانی لێوەرگیراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم پێشنوێژو وتارخوێنەی شاری بۆکان لە سەر وتارێک بووە، کە لە مەراسیمی یادکردنەوەی یەکێک لە قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بووە بە ناوی ئەسعەد رەحیمی، لە مزگەوتی فەخری بۆکان لە وتارێکدا رەخنەی لە حکومەت و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هاووڵاتییانی ناڕازیدا گرتووە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close