
سودانی: ماهیر ئەسەد نەهاتوەتە عێراق
باسک نێت
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (العربیە)، سودانی وتی:” هیچ مەترسییەك نییە لەبارەی پەڕینەوە چەك یان گروپە چەكدارەكان بۆ سوریاو كار بۆ سەقامگیریی و پشتیوانیكردن لە سوریا دەكەین و پەرۆشی هەماهەنگین لەگەڵ سوریا بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكان”.
“حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی عێراق هاوڕان لەسەر ئەوەی دەستوەردان لە كاروباری سوریا نەكرێت و بەشێك نابین لە تێكدانی ئاسایشی ئەو وڵاتە، بارودۆخ ئەگەری سەردانی تایبەتم بۆ سوریا دیاری دەكات. ئیدارەی سوریامان لە روانگەی خۆمان سەبارەت بە دۆخی هەنوكە ئاگاداركردووە، هەر جۆرە گرفتێك لە گرتوخانەكانی سوریا روبەڕووی تیرۆرمان دەكاتەوە” سودانی وا دەڵێ.
سەبارەت بە هەڕەشەكانی ئیسرائیلیش لە عێراق، سودانی باس لەوە دەكات ئامانج لەو هەڕەشانە فراوانكردنی گۆرەپانی ململانێكانەو عێراق رێگە بە هیچ لایەنێك نادات رایبكێشێتە ناو ململانێ و جەنگەكانەوە، بڕیاری شەڕو ئاشتی بەدەستی ئێمەیە”.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی عێراقەوە، سودانی ئاماژە بەوە دەكات پرسی كۆنترۆڵكردنی چەك بە تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بەشێكە لە بەرنامەی حكومەتەكەی و لەگەڵ هێزە سیاسییەكاندا كار بۆ جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە دەكات.
“هەر كاتێك خەڵكی تر لە فۆبیای تاران و واشنتۆن رزگاریان بوو، ئێمەش لە فشارەكانی ئێران و ئەمریكا رزگارمان دەبێت.. پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریكا ستراتیژی و هاوبەشییەكی روونە. ئەمریكا سەرۆكایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كرد دژ بە تیرۆرو بە پاڵپشتی براو دۆستەكانمان بەسەر داعشدا سەركەوتین”.
سەرۆك وەزیرانی عێراق باسلەوە دەكات” لێكۆڵینەوەی سیستەماتیك كراوە لەبارەی كۆتایهێنان بە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە عێراق بەگوێرەی خشتەیەكی زەمەنیی دیاریكراو، هیچ زیادبوونێك لە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە عێراق رووینەداوەو ئەوەی باسدەكرێت راست نییە”.