باسک نێت
لە سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەو پەروەردەکانی سەیدسادق و پشدەرو شارەزوورو چەمچەماڵ، زیاتر لە 500 بەڕێوەبەری قوتابخانەو خوێندنگە دژی کارنامەیەکی وەزارەتی پەروەردە هەڵوێست وەردەگرن و داوای ڕاگرتنی دەکەن.
بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەو خوێندنگایانە، سیستم و بەرنامەی ” بریتش کاونسڵ” ڕەتدەکەنەوەو دەڵێن بەرنامەو پرۆژەیەکە هیچ خزمەتێک بە پرۆسەی خوێندن ناکات و هاوکات بارگرانی زۆریش بۆ ئیدارەی قوتابخانەکان و مامۆستایانیش دروستکردووە.
ئەو بەڕێوەبەرانە کە واژۆیان دژی بەرنامەی ” بریتش کاونسڵ” کردووەو یاداشتیان سەبارەت بە بێکەڵکی پرۆژەکە نووسیوە دەڵێن، هۆکارە بۆ بە هەدەردانی کات و سەرقاڵکردنی ئیدارەو مامۆستایان بە بابەتی لاوەکی و ناپێوویستەوەو لەگەڵ ئەوەشدا تێچووی زۆرەو بەرنامەیەکیش نییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابیان.
سیستەمی ” بریتش کاونسڵ” بەرنامەو سیستمێکە، چەند ساڵێکە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەناوەندەکانی خوێندندا پەیڕەوی دەکات و هاوکات لە ڕێگەیەوە قوتابخانەو خوێندنگەکانی پێهەڵدەسەنگێنێت.
ڕەتکردنەوەی سیستمی ” بریتش کاونسڵ” لە لایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەو خوێندنگەکانەوە، هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی بایکۆکردنی ناوەندەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە.