جیهانعێراقكوردستانهەواڵ

عێراق و ئێران لیژنەی باڵای ئەمنیان پێكهێناوە

عێراق و ئێران لیژنەی باڵای ئەمنیان پێكهێناوە
“بۆ روبەڕوبونەوەی هەڕەشە سەربازی و ئەمنیەكان”
باسک نێت
لەمیانی سەردانەكەی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ تاران، ئێران و عێراق رێككەوتون لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی ئەمنیی باڵا لەنێوان هەردوو وڵات، بەسەرۆكایەتی عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و ئەعرەجی.
ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویكردەوە، لیژنەی بایەخ دەدات بە هەڕەشە سەربازی و ئەمنیەكان لەنێوان هەردوو وڵات.
بەگوێرەی سارچاوەكە، ئەعەرەجی لەمیانی دیداری لەگەڵ ئەحمەدیان، بەكارهێنانی ئاسمانی عێراقی دژی ئێران تاوتوێكردووە، وەك ئاماژەیەك بۆ هێرشەكەی ئیسرائیل لە مانگی رابردوودا لە ئاسمانی عێراقەوە بۆ سەر ئێران.
لەلایەكی ترەوە، ئاژانسی میهری ئێران بڵاویكردەوە، ئەعەرەجی لەسەردانەكەیدا بۆ تاران، لەگەڵ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران كۆبووەتەوە.

ئەعرەجی لەبارەی كۆبونەوەكە وتویەتی، دواین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكەمان تاوتوێكردووە، پێداگریمان لەسەر پێویستی رێگرتن لە فراوانبونی روبەڕی ململانێكان كردووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەعرەجی لەبارەی دیدارەكەشی لەگەڵ حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدران رایگەیاندووە، گفتوگۆیان سەبارەت بە وردەكاری رێككەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران كردووە، لەگەڵ گرنگی كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكان و رێگەگرتن لە دزەكردن و، پرۆسەی بە قاچاغبردن و هاوكاری لەبواری روبەڕونەوەی بەڵای مادەی هۆشبەر.

بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانیەكە، سەلامی لە دیدارەكەدا سوپاسی عێراق و حكومەتی هەرێمی كردووە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەمنیەكە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close