جیهانهەواڵ

بەشێك لە ئەمریکییەکان پێشبینیی شەڕی ناوخۆ دەکەن لە وڵاتەكەیان

سبەی سێشەممە ئەمریکا سەرۆکێکی نوێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو هەڵدەبژێرێت. لە هەر چوار ئەمریکییەک، یەکێکیان پێشبینی دەکات لەدوای هەڵبژاردن پشێوی و ئاژاوە دروست ببێت و 10%یان ترسی ئەوەیان هەیە، شەڕی نێوخۆ دروست ببێت، ئەمەش وەکو لە راپرسییەکاندا دەرکەوتووە.

باسک نێت

کاتژمێر 06:00ی بەیانیی رۆژی سێشەممە بە کاتی واشنتن بنکەکانی هەڵبژاردن لە ئەمریکا دەکرێنەوە و دەنگدان دەستپێدەکات و تا کاتژمێر 08:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

لە دوایین راپرسیدا ترەمپ 48.5% و هاریس 48.4%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە؛ واتە ترەمپ بە 0.1 خاڵ لەپێش هاریسەوەیە. ئەم جیاوازییە تەنکە پێمان دەڵێت بردنەوەی کۆشکی سپی دەکرێت لەسەر چەند هەزار دەنگێک بمێنێتەوە.

راپرسییەکی پێگەی J.L. Partnersی ئەمریکی کە هەزار و سێ کەس تێیدا بەشدار بوون، دەریدەخات زیاتر لە 25%یان پێشبینی دەکەن، چ هاریس بیباتەوە یان ترەمپ، خۆپێشاندان و ئاژاوە لە ئەمریکا دروست بێت. 10%ییان پێشبنی شەڕی ناوخۆ دەکەن.

22%یان پێیانوایە ئەگەر هاریس ببیاتەوە، هاوشێوەی 6ی کانوونی دووەمی 2021، لایەنگرانی ترەمپ هەڵدەکوتنەوە سەر کۆنگرێس. 21%یان وایدەبینن راستەوخۆ هێرش دەکرێتە سەر بەرپرسانی پارتی دیموکرات.

لایەنگرانی هاریس زیاتر پێیانوایە ئاژاوە لە دوای هەڵبژاردن دروستدەبێت و لایەنگرانی ترەمپیش ناکۆکن لەسەر ئەوەی ئایا هەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد دەبێت یان نا.

13%ی لایەنگرانی ترەمپ دەڵێن، ئەگەر کۆمارییەکان بدۆڕێن، شەڕی ناوخۆ دروستدەبێت. 9%ی لایەنگرانی هاریسیش هەمان بڕوایان هەیە ، 18%ی لایەنگرانی ترەمپ و 16%ی لایەنگرانی هاریس دەڵێن، ئەگەر هەڵبژاردنەکە دادپەروەرانە نەبوو، پشتیوانی لە بەکارهێنانی توندوتیژی دەکەن.

چوار ساڵ لەمەوبەر، دەنگۆی ساختەکاری بووە هۆی ئاژاوە و پشێوی لە ویلایەتە گرنگەکانی پێنسلڤانیا، جۆرجیا و ئەریزۆنا، کە جیاوازیی نێوان دەنگی جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ زۆر کەم بوو.

کارمەندەکانی هەڵبژاردن هەڕەشەی کوشتنیان لێکرا و لایەنگرانی ترەمپ لە بنکەکانی دەنگدان بە چەکەوە بەرەوڕوویان وەستان ، ئەو دۆخە بۆ ئەمریکا شتێکی نوێ بوو. حکومەتی ویلایەتەکان ناچار بوون رێکاری زیاتر بگرنە بەر، وێستگەی دەنگدانی زیاتر بکەنەوە و وەبەرهێنانی زیاتر لە سەلامەتیدا بکەن.

ئەم جارەش وڵاتەکە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە. هەر یەکەیان پشتیوانی لە بەربژێرێک دەکات کە روانگەی بۆ داهاتووی وڵاتەکە لەوی دیکە زۆر جیاوازە. بۆیە نیگەرانیی هەیە هەموو ئەو شتانەی لە هەڵبژاردنی رابردوو دروستبوون دووبارە ببنەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close