کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆمەڵێک رێنمایی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دەرکردو رایدەگەیەنێت کەناڵەکانی راگەیاندن بۆیان نییە هیچ چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی لەناو وێستگەکانی دەنگداندا ئەنجامبدەن جگە لەو بنکانەی رێگەیان پێدراوە.
باسک نێت
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی دەنگداندا دەزگاکانی راگەیاندن لەنێو بنکە و وێستگەکانی دەنگداندا بۆیان نییە هیچ ئامێرێکی ئەلیکترۆنی (کامێرا، ئامێرەکانی تۆمارکردن) هەڵبگرن، هەروەها دەبێت مۆبایلەکانیان بکوژێننەوە، جگە لەناو ئەو بنکانە نەبێت کە پێشوەختە کۆمیسیۆن دیارییان دەکات.
بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆن، دروستکردنی هەر جۆرە ئاژاوەیەک لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندنەوە کە سەربکێشێت بۆ پشێوی لە پرۆسەی دەنگداندا لەناو بنکە و وێستگەکانی دەنگداندا قەدەغەیە.
هاوكات هەر بەپێی رێنمایی کۆمیسیۆن، کەناڵەکانی راگەیاندن بۆیان نییە هیچ چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی لەناو وێستگەکانی دەنگداندا ئەنجامبدەن جگە لەو بنکانەی رێگەیان پێدراوە، هەروەها بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە بچنە ناو کابینەی دەنگدان یان وێنەی ئەوە بگرن کە لەناو کابینەکەدا دەگوزەرێت.
باس لەوەش دەکات، “رێکخەری بنکەی دەنگدان و بەرێوەبەری وێستگەی دەنگدان مافی ئەوەیان هەیە داوا لە نوێنەرانی دەزگاکانی راگەیاندن بکەن کە بنکەکە یان وێستگەکە بەجێبێڵن، ئەگەر رێساکانی رەفتاری تایبەت بە نوێنەری راگەیاندن پێشێلبکەن”.
بڕیارە رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024، پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، لایەنە سیاسییەکان کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 100کورسیی پەرلەمان دەکەن.