
دۆسیەى هاوتاکردنى مووچەى زیندانیانى سیاسى لەگەڵ بەغداد هەنگاوى باشى بڕیوە
باسک نێت
بەڕێوەبەرى کاروبارى زیندانییانى سیاسى لە وەزارەتى کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، دۆسیەى هاوتاکردنى مووچەى زیندانیانى سیاسى لەگەڵ بەغداد هەنگاوى باشى بڕیوە و لەچەند ئاراستەیەکەوە کاردەکەن بۆئەوەى بتوانن زیندانییە سیاسیەکان بەماف و شایستەکانیان بگەن.
ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەرى کاروبارى زیندانییانى سیاسى لە وەزارەتى کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لەچەند لایەکەوە هەوڵیانداوە بۆ ئەوەى مووچەکانیان هاوتابکرێت لەوانەش لە رێگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق، لەپلانیشیاندایە لەداهاتوودا کاتێک سەردانى بەغداد دەکەن داواى پشتیوانى لە نوێنەرانى کورد بۆ ئەم دۆسێیە بکەن.
تاوەکو ئێستا 25 هەزار و 807 زیندانیى سیاسى دۆسیەکانیان پەسەندکراوە و پشتراستکراونەتەوە، بەڵام لەو ژمارەیە تەنها پێنج هەزارو 216 کەسیان مووچەیان وەرگرتووە و ئەوانیتر مووچەیان وەرنەگرتووە.
زیاتر لە 19هەزار زیندانیى سیاسى لە 2013 وە چاوەروانى وەرگرتنى مووچەن بەڵام بەهۆى قەیرانى داراییەوە مووچەیان پێنەدراوە، لەهەرێمى کوردستان بەگوێرەى یاساى ژمارە 11ى ساڵى 2011 مووچە بە زیندانیانى سیاسى دراوە، مووچەکەشیان لە 250هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 500هەزار دینارە.