عێراقهەواڵ

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق وەرزی یاسادانی بۆ ماوەی یەك مانگێک درێژ کردەوە

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا بە درێژکردنەوەی وەرزی یەکەمی یاسادان بۆ ماوەی یەك مانگ.

باسک نێت

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، درێژکردنەوەکە بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی (58)ـی دەستووری عێراق بووە.

بڕگەی دووەم لە ماددەی (58)ـی دەستووری عێراق دەڵێت “وەرزی یاسادانانی خولێکی بەستنی ئەنجوومەنی نوێنەران درێژ دەکرێـتەوە، بە مەرجێک لە سی (30) ڕۆژ زیاتر نەبێت، بۆ تەواوکردنی ئەرکە پێویستەکان، لەسەر داوای سەرۆککۆمار، یان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، یان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، یان پەنجا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران”.

تاکە هۆکاری درێژکردنەوەی خولی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق، پەسەندکردنی پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقە، کە ڕۆژی پێنجشەممە 9-5-2024 خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.

هەمواری یاساکە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقە، لەپێناو ئەوەی بتوانێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.

بەپێی هەموارەکە، تەمەنی کۆمیسیۆن کە 7-7-2024 کۆتایی دێت، بۆ ماوەی شەش مانگ تا 1-1-2025 درێژ دەکرێتەوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیار بوو 10-6-2024 بەڕێوە بچێت، بەهۆی بایکۆتی پارتی و لە ئەنجامی هەوڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دواخستنی، بۆ کاتێکی دیکە دوادەخرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close