لە پەرلەمانی کوردستان لیژنەی کاروباری پیشمەرگە کار لەسەر زیادکردنی مووچەی پێشمەرگە دەکات، هەروەها لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکانیش کار بۆ ئەوە دەکەن، کە مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی ناوخۆ زیادبکرێت.
حیکمەت محەممەد ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لەپەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: “دوای چەندین سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشنیارمان بۆ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ کرد، کە پڕۆژەیاسایەک ئامادەبکات بۆ خانەشینیکردنی هێزەکانی ناوخۆ”.
گوتیشی: “هێزەکانی ناوخۆ کە خانەشین دەکرێن مووچەکانیان زۆر کەمە، هەر بۆیە بەجددی لە ئاستی وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی وەزیران کاری لەسەر دەکرێت”.
حیکمەت محەمەد دەڵێت: “ئەگەر بابەتی کەمی داهات نەبوایە، دەمێک بوو پڕۆژەیاساکە دەهاتە پەرلەمان و پەسەند دەکرا، بەڵام زۆر گەشبینم کە لەم وەرزەدا پڕۆژەکە تەواو ببێت و کاری پێویستی لەسەر دەکرێت”.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، مووچەی خانەنشینانی هێزەکانی ناوخۆ پاش پەسەند کردنی پڕۆژەکە، دەگاتە نزیکەی %70ی مووچەیان.
سەبارەت بە زیادکردنی مووچەی پیشمەرگەش ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: “مووچەی پیشمەرگە زۆر کەمە و بە گشتی زۆرینەیان مووچەکانیان لە خوار ملیۆنێک دینارە، هەربۆیە کاری جددی لەسەر دەکەین کە کەمترین مووچەی پێشمەرگە نزیک ببێتەوە لە ملیۆنێک دینار”.