
له دوو به‌یاننامه‌ی جیاوازدا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بستانی سعوودییه و رابیته‌ی جیهانی ئیسلامی له‌و وڵاته هاوسۆزی خۆیان بۆ قوربانیانی لافاوه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووی هه‌ولێر نیشاندا و جه‌ختیان له‌سه‌ر ئاماده‌یی خۆیان بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك نیشاندا، كه له‌توانایاندا بێت و بتوانن له لێكه‌وته‌كانی ئه‌و كاره‌ساته كه‌م بكه‌نه‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه هاوسۆزی خۆی بۆ قوربانیانی لافاوه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووی هه‌ولێر بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند.
له به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودییه‌دا هاتووه: “وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه هاوسۆزی شانشینی عه‌ره‌بی سعودییه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌و لافاوه وێرانكارهی هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه و ژماره‌یه‌ك گیانله‌ده‌ستدان، بریندار و بێسه‌روشوێنی لێكهوتهوه”.
هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه، “وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه پرسه و سه‌ره‌خۆشی شانشینه‌كه‌ی ئاراسته‌ی حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و خانه‌واده‌ی ئه‌وانه ده‌كات، كه له‌و كاره‌ساته ئازاربه‌خشه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه و هیوای رزگاربوونی بێسه‌روشوێنه‌كان و چاكبوونه‌وه‌ی به‌په‌له بۆ برینداران ده‌خوازێت”.
له به‌یاننامه‌یه‌كی دیكه‌دا، رابیته‌ی جیهانی ئیسلامی له سعوودیه هاوخه‌می خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان و كه‌سوكاری قوربانیانی لافاوه‌كه نیشاندا.
له به‌یاننامه‌كه‌دا جه‌خت كراوه‌ته‌وه، “رابیته‌ی جیهانی ئیسلامی به‌وپه‌ڕی ئازاره‌وه ئاگاداری هه‌واڵی لافاوه تونده‌كان بوو، كه چه‌ند ویلایه‌تێكی شانشینی مالیزیای گرته‌وه و هه‌روه‌ها ئه‌و لافاوه وێڕانكارانهی چه‌ند رۆژی رابردوو هه‌رێمی كوردستانی له كۆماری عێراق گرته‌وه و ئه‌و دوو كاره‌ساتانه زیانی گیانی و ماڵی‌یان به‌دواوه بوو”.
هه‌روه‌ها هاتووه: “شێخ دكتۆر محه‌مه‌د بن عه‌بدولكه‌ریم ئه‌لعیسا، ئه‌مینداری گشتی رابیته‌ی ناوبراو و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی زانایانی موسڵمان ئاماده‌یی ته‌واوی رابیتهكهیان بۆ هاوكاریكردنی حكومه‌ت و گه‌لی ئه‌و دوو وڵاته خۆشه‌ویسته له‌و دۆخه‌دا نیشاندا و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌رچی له‌توانایاندا بێت له رووی مرۆیی و ماددییه‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له‌ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی به‌هاناوه‌چوونی سه‌ر به رابیتهكهیانهوه ئه‌نجامی بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له لێكه‌وته‌كانی ئه‌و كاره‌ساتانه كه‌م بكه‌نه‌وه”.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، ” شێخ دكتۆر محه‌مه‌د بن عه‌بدولكه‌ریم ئه‌لعیسا به‌ناوی رابیته‌ی جیهانی ئیسلامی، كۆمه‌ڵه، ئه‌نجومه‌ن و ده‌سته جیهانییهكانییهوه پرسه و سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاراسته‌ی حكومه‌ته‌كانی ئه‌و دوو وڵاته و گه‌لانی خۆشه‌ویست و كه‌سوكاری قوربانیان ده‌كات و له خودای گه‌وره ده‌پاڕێته‌وه، گیانله‌ده‌ستداوان به‌ر ره‌حمه‌تی فراوانی خۆی بخات و شیفای به‌په‌له بۆ برینداران بنێرێت و بێسه‌روشوێنبووانیش به سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێنێته‌وه ناو خانه‌واده‌كانیان”.