كوردستانهەواڵ

وەزارەتی پەروەردە: ئەمڕۆ خوێندنی ناوپۆل دەستپێدەکاتەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، ۱۰ی ۱۰ی ۲۰۲۰، دەستپێکی دەوامی فەڕمییە بۆ قوتابیانی قۆناغی  یەکەم و دووەمی بنەڕەتی لەناوپۆل، هەروەها دەستپێکی خوێندنی ئەلیکترۆنییە بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیاندراوێکیدا وردەکاری و رێنمایی دەستپێکردنەوەی دەوامی فەڕمی خوێندنی ئەمساڵی بە هەردوو شێوازی ناوپۆل و ئەلیکترۆنی لە هەشت خاڵدا بڵاوکردەوە.

تیایدا هاتووە، ئەو شێوازی دەوامکردنە و پشتبەستن بە خوێندنی ئەلیکترۆنی لەم قۆناغەدا “بۆ سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان و کەمترین بەریەککەوتن و نزیک بوونەوەیە”.

دەشڵێت، لەگەڵ باشتربوونی ڕەوشی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی جێبەجێکاری روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاری نوێ دەدرێت بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، قۆناغی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی لە گشت قوتابخانە بنەڕەتیەکانی حکومی و ناحکومی لە ناوپۆل بەڕێنمایی خۆپارێزیی و بەستنی ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان  دەستپێدەکەن.

هاوکات ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکانن و هێڵی ئینتەرنێت وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیان زۆر نییە، بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی و ماسک و دووری دیاریکراوی نێوان قوتابیان، لە گشت ئاستەکان و قۆناغەکان دەوامی ئاسایی لە ناوپۆل دەستپێدەکەن.

باس لەوەشکراوە، کە قۆناغی سێیەمی بنەرەتی تا ١١ی ئامادەیی، بە شێوازی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست بە خوێندن دەکەن لە ڕێگای پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی کە بریتیە: www.ewane.krd

وەزارەتی پەروەردە لەسەر شێواز و چۆنیەتی پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکاران سێ رێگەچارەی پێشنیازکردووە:

یەکەم: کارگێڕی قوتابخانە خشتەیەک دادەنێت بۆ ئەوەی قوتابیانی ئەو قۆناغانە (٣ تا ۱۱) دیداری قوتابخانەیان هەبێت و بە گروپی (٥ تا ٦) قوتابی بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزییەوە.

دووەم: لەناو پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی مامۆستا و قوتابی دەتوانن لە پەیوەندیدا بن.

سێیەم: مامۆستایان و قوتابیان دەتوانن کە لە ڕێگای هەر بەرنامەیەکی دیکەی پەیوەندیکردن (گروپەکانی ڤایبەر ـ واتس ئەپ ـ تێلیگرام) یان هەر بەرنامەیەکی دیکە لە پەیوەندیدا بن.

هاوکات بۆ قوتابخانە نێودەوڵەتییە ناحکومییەکان باسی لەوەکردووە، کە بۆ ئەو بابەتانەی  پێویستیان بە ئامادەسازیی و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی هەیە دەتوانن بە شێوازی ئامادەبوونی ناو پۆل تەنیا بۆ ئەو قۆناغانە کاربکەن. ئەم رێنماییە قوتابخانە لۆکاڵییەکانیش دەگرێتەوە.

ئەوەش دوایی ئەوەدێت، ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند، داوا له‌سه‌رجه‌م مامۆستایان ده‌كەین پابەندی هیچ جۆرە خوێندنێک نەبن و بایکۆتی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ناو خوێندنگە بکەن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close