
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند لە خۆپیشاندانەكەی شەوی رابردووی هەڵەبجە، فەرمانگەی هاتووچۆی ناو شار و بەشێكی لە شارەوانیی هەڵەبجە سووتێنراون، بەرپرسی لقی پارتیش لە شارەکە دەڵێت تەقە لە بارەگاکەیان کراوە.
عەمید كازم عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە راگەیاند خۆپیشاندانەکەی هەڵەبجە تاوەكو درەنگانی شەوی رابردوو بەردەوام بووە، خۆپشاندەران بەردبارانی باڵەخانەی قایمقامیەت، دادگا، مەڵبەندی یەكێتی و لقی 12ی پارتیان كرد، جگە لەوە فەرمانگەی هاتووچۆی ناو شار و بەشێكی شارەوانیی هەڵەبجەیان سووتاندوە.
سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانی خۆپیشاندانەکان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە گوتی: “هەرچەندە زیانی دارایی هەبووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە، تەنیا بە تەقەی پاسەوانەكانی لقی 12ی پارتی سێ كەس بە سووكی برینداربوون”.
بەڵام بەرپرسی لقی پارتی لە هەڵەبجە رەتیکردەوە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردبێت.
بەسام عەلی بەرپرسی لقی 12ی پارتی راگەیاند تەقە لە بارەگای لقمان کراوە، شوێنی فیشەكەكانیش بەسەر باڵەخانەکەی لقەوە دیارن، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەش پاسەوانەكانمان بەرپرسانە مامەڵەیان كردووە تەقەیان بە ئاسماندا كردووە، ئەوەش تەنیا بۆ راگرتنی هێرشەكەی سەر لق بووە”. رۆژی شەممە 22-8-2020 خۆپیشاندان لە بەشێك لە شارەكانی كوردستان کرا، لە پارێزگای هەڵەبجەش خۆپیشاندان تاوەكو كاژێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 23-8-2020 بەردەوام بووە.