عێراقهەواڵ

کازمی: جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەینەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو وادەیەی کە دیاریکراوە.

نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەە، کازمی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیری کابینەکەی و فەرماندە ئەمنییەکان، لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق کۆبووەوە و لە میانی کۆبوونەوەکەدا تاتوێی ئامادەکاریی هونەریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە لە وادەی دیاریکراودا کراوە.

ئەوەش هاتووە، “کازمی رایگەیاندووە، حکومەت سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەوادەی بڕیارلێدراودا، بەو پێیەی ئەمە خواستی خەڵکە و لەگەڵ رێنماییەکانی مەرجەعییەت یەک دەگرێتەوە و خواستی هێزە سیاسییەکانیشە و لە پێشینەی کارنامەی حکومەت دایە و حکومەت پێوەی پابەندە.”

باس لەوەشکراوە، “کازمی عێراق داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردوە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بە مەبەستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا کە دیاریکراوە و وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکانی راسپاردووە بۆ کارئاسانیکردن و ئەنجامدانی رێکاری پێویست بۆ لابردنی ئاستەنگەکان لەبەردەم کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارن و کارکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژارن لە وادەی خۆیدا.”

دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوو، سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی بەڵێنی ئەوەی دا کە کار دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاریی خۆپیشاندانی ناڕەزایی، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق سەریانهەڵدا و بەهۆیەوە حکومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.

کۆتایی مانگی تەمموزی رابردووش، مستەفا کازمی رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکرد.

بەپێی وتەی شارەزایانیش، لە ئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە پرۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنە، کە لەوەتەی ساڵی رابردووەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانە و بەهۆی ناکۆکی نێوان کوتلە سیاسییەکان لەسەر ناوەڕۆکی پڕۆژەکە تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close