عێراقهەواڵ

مستەفا كازمی گەیشتە تاران

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی گەیشتە تاران پایتەختی ئێران و بڕیاره‌ زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجامبدات.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا، بڵاویكردەوە كە مستەفا كازمی گەیشتووەتە تاران.

هاوكات میدیاكانی عێراق و ئێران بڵاویانكردەوه‌، كازمی دوای گەیشتنی بۆ فڕۆكەخانەی میهرئاباد لە تاران لە لایەن وەزیری وزەی ئێران، رەزا ئەرده‌كانیانەوە پێشوازیی لێكراوە.

ئاماژەیان بەوەیشداوە، دوای تەواوبوونی رێورەسمی پێشوازییكردن لە مستەفا كازمی لەلایەن سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی-یەوە، كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان شاندی هەردوو وڵات ده‌ستپێده‌كه‌ن.

میدیاكان ئەوەشیان بڵاوكردووەتەوە، مستەفا كازمی بە جیا لەگەڵ حەسەن روحانی و رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی كۆدەبێتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا لە بەغداوە بەرەو ئێران بەرێكەوتبوو.

هەریەك لە وەزیرانی دەرەوە، نەوت، كارەبا، دارایی، بەرگریی، تەندروستیی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق یاوەریی كازمی دەكەن لە سەردانەكەی بۆ ئێران.

زانراوە مستەفا كازمی لە میانی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا ژمارەیەك پرسی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێدەكات لەوانە چۆنیەتی پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردووڵات لەگەڵ دوایین پێشهاتە هەرێمیی و نێودەوڵەتییه‌كان.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close