كوردستانهەواڵ

هه‌ڵمه‌تی بڕینی ئاوی زێده‌ڕۆ له‌ هه‌ولێر دەستپێدەکات

لەدوای هەڵمەتی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ، لە هەولێر هەڵمەتێکی دیکە دەستپێدەکات بۆ بڕینی ئاوی زێدەڕۆ.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی ئاشکرای کرد “هەڵمەتێکی بڕینی ئاوی زێدەڕۆ لەنێوان 23 تاوەکو 25ـی مانگ دەستپێدەکەین”.

هەڵمەتەکە سەرەتا لە گەڕەکەکانی: وەزیران، 32ـی پاڕک، عەدالەی نوێ و کۆن لەگەڵ گەڕەکی رۆشنبیری دەستپێدەکات.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لەبارەی ئەو باخچانەی لەبەردەم ماڵان لەلایەن هاووڵاتییانەوە دروستکراون ئاماژە بەوە دەدات، “ئەو باخچانەی هیچ مۆرکێکی یاسایی و ئەندازەییان نییە، لەڕووی یاساییەوە لەسەر زەویی شارەوانی دروستکراون، جا چ خۆی (لە ماستەر پلان) سەوزایی بێت، یان زەویی خزمەتگوزاری، لە هەندێک شوێنیشدا لەسەر زەویی هاووڵاتییان دروستکراون و ئاوێکی زۆر لەو شوێنانە بەهەدەر دەدرێت”.

ئەم هەڵمەتە لەکاتێکدایە پێشتر هەڵمەتێکی فراوانی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ لە هەولێر ئەنجامدرا و، دوێنێ فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە مەراسیمی کردنەوە و بەگەڕخستنی وێستگەی کارەبای 300 مێگاواتیی هەڵمیی خەبات گوتی ئەو هەڵەمەتەی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ زۆر سەرکەوتوو بووە.

س.کوردستان24

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close