
وەزارەتی پەروەردە خوێندکارانی پۆلی 12ـی ئامادەیی ئاگادار دەکاتەوە، کە دەتوانن لە رێگەی چەند لینکێکەوە، شوێنی تاقیکردنەوەکانیان بزانن.
لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ (دووشەممە، 6-7-2020) وەزارەتی پەروەردە لینکی شوێنی تاقیکردنەوەکانی بەپێی پارێزگاکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند “داوایان لێ دەکەین (لە خوێندکارانی پۆلی 12) رۆژێک پێش ئەنجامدانى ئەزموونە گشتییەکان سەردانى هۆڵەکانیان بکەن بۆ دڵنیابوون لە شوێن و ناوەکانیان بۆ ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکان”.
پۆلى 12ـیئامادەیى زانستى و وێژەى پیشەیى و خوێندنى ئیسلامى (پەروەردەى گشتى هەولێر)
پۆلى 12ـی ئامادەیى زانستى و وێژەى پیشەیى و خوێندنى ئیسلامى (پەروەردەى گشتى سلێمانى)
پۆلى 12ـی ئامادەیى زانستى و وێژەى پیشەیى و خوێندنى ئیسلامى (پەروەردەى گشتى دهۆک)
پۆلى 12ـی ئامادەیى زانستى و وێژەى (پەروەردەى گشتى هەڵەبجە)
پۆلى 12ـی ئامادەیى زانستى و وێژەى پیشەیى و خوێندنى ئیسلامى (پەروەردەى گشتى گەرمیان)
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە لەڕێگەی فەیسبووکی فەرمیی خۆیەوە چەند بەرچاوڕوونیەکی دا بە خوێندکارانی پۆلی 12.
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند “(تاقیکردنەوەی) بابەتی پەروەردەی ئێزدیاتی لەگەڵ بابەتی زمان و ئەدەبی کوردی ئەنجامدەدرێت. ئەگەر هەر رۆژێکی تاقیکردنەوە بەر پشووی فەرمی بکەوێت، تاقیکردنەوەکە هەر ئەنجامدەدرێت و، ناکرێت بە پشوو جگە لە رۆژانی جەژن”. هەروەها دەڵێ ” تاقیکردنەوەکان رۆژانە لە کاتژمێر 08:30ـیی بەیانی دەستپێدەکەن”.
سەرەڕای بوونی پەتای کۆرۆنا، بەڵام بڕیارە رۆژی 11-7-2020 تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان دەستپێبکات. بەگشتی ئەمساڵ 144 هەزار خوێندکار مافی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکاندا هەیە.