عێراقهەواڵ

خەزعەلی داوادەکات مووچەی زیانلێکەوتووانی هەڵەبجە ببڕدرێت

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، سەری سووڕدەمێنێت کە مووچەی زیانلێکەوتووانی رەفحا دەبڕدرێت و هی هەڵەبجە نابڕدرێت.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق باسی لەوە کرد، “مایەی سەرسووڕمانە کە حکومەتی عێراق مووچەی زیانلێکەوتووانی رەفحا دەبڕێت، بەڵام هی هەڵەبجە نابڕێت! ئەوەی بەرامبەر بە زیانلێکەوتووانی رەفحا دەکرێت پێچەوانەی یاسایە و ئەوەی ئەو زیانلێکەوتووانە وەریدەگرن مووچە نییە و قەرەبووی داراییە”.

خەزعەلی داوا لە حکومەت دەکات، حکومەت دادپەروەری لە هەموو عێراقدا جێبەجێ بکات بە کوردستانیشەوە.

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژەی بەوە دا، ” ئایا ئەو هەڵمەتەی سەرۆکوەزیران دەستیپێکردووە بۆ دەروازە سنووریەکان، بەسەر کوردستانیشدا جێبەجێ دەبێت؟”

خەزعەلی جەختی لەوە کردەوە، “دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان هیچیان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا نین و داهاتیان ناگەڕێتەوە وڵات”.

خەزعەلی دەپرسێت، “لەسەر چ بنەمایەک تاوانبارانی رژێمی پێشوو بە پارەی وڵات خۆش دەژین کە لە دەرەوەی وڵاتیشن؟ ئەو مەرجانەی بەسەر زیانلێکەوتووانی رەفحادا جێبەجێ دەکرێن، بەسەر تاوانبارانی رژێمی پێشوودا جێبەجێ ناکرێن”.

رۆژی 2020/06/20 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە پێناوبەدیهێنانی دادپەروەریدا بڕیاری بڕینی دوو مووچەیی و مووچەی زیانلێکەوتووانی رەفحا راناگیردرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close