جیهانكوردستانهەواڵ

ئەو حاجییانەی ئەمساڵ ناویان دەرچووبوو ساڵی داهاتوو حەج دەکەن

ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەجی ئەمساڵ دەرچووبوو مافیان پارێزراوە و بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، ساڵی داهاتوو دەتوانن حەج بکەن.

رۆژی دووشەممە 23-6-2020 سعودیە بڕیاریدا کە ئەمساڵ هیچ وڵاتێک ناتوانێت حاجییەکانی بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج بنێرێتە ئەو وڵاتە، بۆیە حاجییانی هەرێمی کوردستانیش ئەمساڵ ناتوانن بۆ فەریزەی حەج سەردانی سعودیە بکەن.

رۆژی 19-12-2019 دیداری حەج لە وەزارەتی ئەوقاف رێکخرا و 4800 کەس لە تیروپشکێکی ئاشکرادا ناویان دەرچوو، کە پێکهاتبوون لە 4 هەزار و 400 کەس و 400 کەسیش لە لیژنە ئیدارییەکان (فەرمانبەر و کۆمپانیاکان) ناویان دەرچوو و بڕیار بوو ئەمساڵ بچنە سعودیە.

نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژى وەزارەتى ئەوقاف و کاروبارى ئایینی لەبارەی چارەنووسی ئەو کەسانەوە راگەیاند، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سعودیە پێی راگەیاندوون کە جارێ مامەڵەی هیچ کەسێک وەرنەگرن و باڵەخانە لە سعودیە بە کرێ نەگرن تاوەکو خۆیان ئاگاداریان دەکەنەوە، بۆیە هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان نە پارەی لێوەرگیراوە نە پاسپۆرت بۆ سەفەری حەج، هیچ مامەڵەیەکیشیان رایی نەکردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دڵنیایی دەداتە ئەو کەسانەی ناویان دەرچووە کە مافیان لەلای ئەوان پارێزراوە و نافەوتێت، ئەگەر ساڵی داهاتوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کێشە دروست نەبێت، دەتوانن حەجی خۆیان بکەن.

وەزارەتی حەجی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی دووشەممە 22-06-2020 بڵاویکردەوە دەڵێت، بۆ ساڵی 2020 تەنیا ئەو کەسانەی دانیشتووی ناو سعودیەن دەتوانن حەج بکەن، کە تەنیا ژمارەیەکی سنووردار بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان رێگەیان پێدەدرێت.

وەزارەتی حەجی سعودیە ئاماژە بەوەش دەدات، بۆ پاراستنی تەندروستییان رێگەنادرێت خەڵکی دەرەوەی سعودیە بەمەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.

ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن موسڵمان بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج سەردانی سعودیە دەکەن، زۆرترین پشکی ئەوانەی کە ناویان بۆ حەج دەردەچێت بە ئەندەنووسیا دراوە، کە 200 هەزار حاجییە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆنا بەرپرسانی ئەو وڵاتە گەشتکردنیان بۆ دەرەوە قەدەخە کردووە.

ساڵی 2017 زیاتر لە 86 هەزار کەس بۆ جێبەجێکردنی فەریزەی حەج ناویان تۆمارکرابوو، لەو ساڵەدا تیروپشکیان بۆ کرا و ساڵانەش بە هەزاران کەس دەنێردران بۆ سعودیە، لەماوەی ساڵانی 2017 و 2018 و 2019 زیاتر لە 15 هەزار کەس حەجیان کردووە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close