جیهانهەواڵ

ترامپ: دەمەوێت جیهان بگەڕێتەوە ئەو ڕەوشەی پێش پەتای کۆرۆنا هەیبوو

لەگەڵ ئەوەدا کە سەرۆک ترامپ پێشتر وادەیەکی دانابوو تا ڕۆژی 12 مانگی چوار، بەڵام ئێستا دەڵێت لەوانەیە لەو کاتەدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگاتە لوتکەی خۆی لە ئەمریکدا.

سەرۆک ترامپ لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی کۆشکی سپیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوە خواستێکی بەڕێوبەرایەتیەکەی بووە بەڵام وەک دەڵێت “کاتێک سەروسەودا لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرانەدا دەکەیت، ئەوا ناخوازین پەلەی لێبکەین و ناشمانەوێت بەر لە بینینی، سەرکەوتن ڕابگەیەنین، هەربۆیە ئەو ڕێوشوێنانەی دەستمان پێکردووە تا ڕۆژی 30 مانگی چوار درێژدەکەینەوە.”

سەرۆک ترامپ دەڵێت ئامانج ئەوەبوو تا ئەو کاتەی پێشتر دیارکرابوو، ژیان بگەڕێتەوە باری ئاسایی، بەڵام پێدەچێت لەو وادەیەدا بڵاوبوونەوەی کۆڤید 19 بگاتە ئەوپەڕی، ئەوجا دواتر بەو هیوایەی ژمارەکان کەمتر ببنەوە.

سەرۆک ترامپ دەڵێت هەرگیز نەیخواستوە ئەو ژمارە زۆرانەی گیان لەدەستدان ببینێت، وە دەشڵێت “ئەگەر ژمارەی ئەوانەی بەهۆی ئەم پەتایەوە گیان لەدەستدەدەن لە سەد هەزار تێپەڕ نەکات، ئەوە یانی دەستکەوتێکی گەورەیە و ئەوەیش کە بەلای منەوە گرنگە، ئەوەیە لە کۆتاییدا سەرکەوتنێکی گەورە هەبێت و دەشمەوێت جیهان بگەڕێتەوە ئەو ڕەوشەی بەر لە پەتاکە هەبووە.”

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەکەیدا سەرۆک ترامپ جەختی کردەوە لەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی کار بۆ فراوانکردنی پشکنین و تاقیکردنەوە تەندروستییەکان دەکات، بەتایبەتیش پاش پەسەندکردنی ئامێرێکی نوێی پشکنین، کە لە چەند خولەکێکدا پشکنینەکە تەواو دەبێت.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئامارەکان وەها نیشان دەدەن لە ئەمریکا زیاتر لە 140 هەزار کەس دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیە 4435 کەسیان چاک بوونەتەوە، هەروەها بەلانی کەم 2457 بە کۆڤید 19 گیانیان لەدەستداوە.

دەنگی ئەمریکا

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close