كوردستانهەواڵ

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: تونێلی پیرمام دەكرێتەوە

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆتاییهاتنی تونێلی پیرمام-ی راگەیاند و باس لەوەدەكات، كردنەوەی تونێلەكە بەفەرمی دوادەخرێت بۆ داوی قەدەغەی هاتوچۆ، بەڵام لە ئێستادا وەكو كارئاسانی، تونێلەكە بەرووی هاتووچۆدا دەكرێتەوە.
راگەیاندنی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت بڕیاردرابو كارەكانی تونێلی پیرمام لە پێش نەورۆزی ئەمساڵ تەواو بكرێت، هەر بەوشێوەیە كارەكان ئەنجامدران و پڕۆژەكە لە رۆژی 19/3/2020 تەواو دەكرێت و دەكرێتەوە، بەڵام بەهۆی رێكارەكانی قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەنێوان شار و شارۆچكەكان، كردنەوەی تونێلەكە بەشێوەیەكی فەرمی دوادەخرێت بۆ كاتی نەهێشتنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ.
ئەوەش باسكراوە، لەبەر بەرژەوەندی گشتی تونێلەكە لە ئێستادا بەڕوی هاتوچۆی هاووڵاتیاندا دەكرێتەوە بۆ ئەوەی لەكاتی پێویستدا و بەتایبەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری و كارئاسانیكردنی هاتوچۆی ئەو بەڕێزانەی لەلایەن لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا و لیژنەكانی پارێزگا و قائیمقامیەتەكانەوە رێگەیان پێدەدرێت هاتوچۆ بكەن، تاوەكو لە روی تەندروستی و فریاگوزاریی خێراوە سود لەو پڕۆژەیە ببینن و خزمەت بە هاووڵاتیان بكەن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close