كوردستانهەواڵ

دوا وادە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی هەرێم لە ئێران دیاری دەکرێت

دوا وادە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی هەرێم لە ئێران دیاری دەکرێت
باسک نێت، هەولێر

لیژنەی باڵای روو بەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێکی تازەی دەرکردو بەپێی بڕیارەکانیش دوا کات بۆ ئەو کەسانەی دانیشتووی هەرێم و تا ئێستا لە ئێران ماونەتەوە دەبێت تا رۆژی ۱٥ی ئازاری۲۰۲۰ بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و بڕیاری پشووی فەرمیش درا لەدامودەزگاکانی حکومەت جگە لە ھێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش وئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی.

دەقی بڕیارەکان:

ئەمڕۆ دووشەممە 9/3، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە هەولیر، بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وبە ئامادەبوونی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی لە ھەرێمی كوردستان، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوارێکار و ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.

جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە سەرەتای کۆبوونەوەکە ستایشی وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی و وەزیر لایەنە پەیوەندیدارەکان دیکەی کرد لەدانانی پلان و هەنگاوەکانی پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتییان ورایسپاردن بەردەوام بن و ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە هەماهەنگی هەبێت لەنێوان گشت وەزارەت و دامودەزگاکاندا بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکرێت.

کۆبوونەوە جەختی کردەوە لە گرنگی بەردەوام بوون لەسەر جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی پێشوو کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرکرابوون وەک کەم کردنەوەی قەرەبالغی و سنوردار کردنی هاتووچۆی نێوان شارەکان و راگرتنی پاک و خاوێنی و پەیوەندی کردن بە بنکەکانی دیاری کراو لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێک کە گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرێت. ئەم رینمایی و راسپاردە و بڕیارانە تەنها بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتییانە لە تووشبوون بەو ڤایرۆسە.

پاش گفتوگۆ کردن لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و خستنە رووی پێشنیارەکان، بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریدا:

١. لە سەرجەم وەزارەت وفەرمانگە و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان (جگە لە ھێزەکانی پێشمەرگە وئاسایش وئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی) لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٢-٣-٢٠٢٠ تاوەکو ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٦-٣-٢٠٢٠ دەبێتە پشووی فەرمی، و (ڕۆژانی ٢٧و٢٨-٣-٢٠٢٠ پشووی کۆتایی ھەفتانەیە)، و ڕۆژی یەکشەممە ٢٩-٣-٢٠٢٠ دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە.

٢. لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی وئەھلی) ڕۆژی شەممە ٢٨-٣-٢٠٢٠ پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە، وپرۆسەی خوێندنی زانکۆ وپەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی لە ڕۆژی ١_٤-٢٠٢٠ دەست پێ دەکاتەوە.

۳. وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیە فریاگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان لە ڕێگای پیادەکردنی ئێشکگریی.

٤. وەزارەتە خزمەتگوزارییە گشتیەکان بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی لە ڕیگای ئێشکگریی و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێنمایی پێویست دەردەکەن.

٥- دوا وادە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ناو هەرێم رۆژی ١٥-٣-٢٠٢٠ دەبێت و لە ١٦-٣-٢٠٢٠وە تاوەکو ١-٤-٢٠٢٠ رێگە نادرێت بە هاتنەوەی هاوڵاتییان لە ئێرانەوە. بەڕەچاوکردنی بەردەوام بوونی جموجۆڵی بازرگانی بەپێی رێنماییە بەرکارەکان.

٦- تەرخانکردنی قۆناغی دووەمی بوودجە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستی بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٧- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راسپێردرا بۆ بەردەوام بوون لەسەر رێکارەکانیان لە چوارچێوەی سیاسەتی رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٨- راسپاردنی وەزیری داد بۆ چالاککردنی داواکاری گشتی بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەس و لایەن و کەناڵە میدیاییانەی کە پێچەوانەی رێنماییەکان و سیاسەتی حکومەت کاردەکەن و دەبنە هۆی پشێوی.

٩- پێدانی دەسەڵات بە پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری یەکە ئیداریە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قایمقامییەت بۆ رێکخستنەوە و چاودێری کردنی بازاڕی ناوخۆیی.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە پێویستە هەموولایەک پابەند بن بە بڕیار و راسپاردەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر رێگری و بەر بگیرێت لە زیاتر تەشەنەسەندنی ئەو ڤایرۆسە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close