تەندروستیكوردستانهەواڵ

تەندروستی سلێمانی ھۆشداری دەداتە ھاووڵاتییان

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ھۆشداری دەداتە ھاووڵاتییان، ئەگەر ژمارەی تووشبوون بەمشێوەیە رووی لە ھەڵكشان بێت و خۆیان نەپارێزن، بەھۆی نەبوونی ھەناسەی دەستكرد و پزیشك و پێداویستییەوە خەڵك گیان لەدەستدەدات.

د. سەباح ھەوروامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: “ئەگەر خەڵك خۆی نەپارێزێ، بەھۆی نەبوونی ھەناسەی دەستكرد و پزیشك و كارمەندی تەندروستی و ئامێری پزیشكی و قەروێڵە و دەرمان خەڵك دەمرێت. توانای ئێمە دیاریكراوە، ئەگەر دۆخەكە وابڕوات و ژمارەی تووشبووان زۆر زیاتربێت، پزیشك نابێت نەخۆش ببینێ”.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی گوتیشی: “ئێمە كەموكورتیمان ھەبووە، بەڵام كەمتەرخەمیمان نەبووە، چونكە نەخۆشخانەیەك بۆ 7 نەخۆشی چاودێری چڕكراوە، ئێستا ئێمە 30 نەخۆشی لێدەخەوێنین و 15 رۆژ بەردەوام ئۆكسجین بەكاردەھێنرێت، بێگومان كێشە دروست دەبێت، بەڵام ئەوە لە كەمتەرخەمی نییە، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە فشارمان لەسەرە، لەكاتی گیان لەدەستدانی ھەر تووشبووێك ئێمە لە كەسوكارەكەی خۆیان زیاتر دڵتەنگ دەبین”.

راشیگەیاند: “نایشارمەوە لە داھاتووشدا بەھۆی فشارەوە كەموكورتیمان دەبێت، ئەگەر وابڕوات خەڵك خێراتر دەمرێت، ھەندێك نەخۆش ھەیە دۆخیان ناجێگیرە و ھەموو پزیشكەكان دەزانن ئەگەر ئۆكسجینی دونیای بۆ بێنین چاك نابێتەوە، ھیوادارین خەڵك نەگاتە ئەو قۆناغە، چونكە ئەوكات ئەستەمە لەو نەخۆشییە رزگاریان بێت”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close