ئابووریجیهانڕاپۆرتهەواڵ

لەسەرەتای ساڵەوە دراوی سەردەمی (ئەسەد) دەكرێت بە دراوی نوێ

لەسەرەتای ساڵەوە دراوی سەردەمی (ئەسەد) دەكرێت بە دراوی نوێ
باسک نێت
عەبدولقادر حەسریە پارێزگاری بانكی ناوەندیی سوریا رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی نوێوە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراوی سوریا بە جۆری نوێی دراوی كاغەزیی دەستپێدەكات، ئەمەش لەچوارچێوەی گۆڕینی ئەو دراوانەدایە كە لەسەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەددا دەرچوون.

پارێزگاری بانكی ناوەندیی سوریا پیرۆزبایی دەرچوونی مەرسومی ژمارە 293ی ساڵی 2025ی كرد تایبەت بە لەدایكبوونی دراوی نوێی سوریا، كە ئەو “وەكو وێستگەیەكی وەرچەرخانی نیشتمانی كە رەنگدانەوەی سەرەتای قۆناغێكی ئابوریی و نەختینەیی نوێ” ناوی هێنا.

ئاماژەی بەوەكرد، مەرسومەكە دەسەڵاتی پێویستی بە بانكی ناوەندیی سوریا بەخشیوە بۆ دیاریكردنی وادەی ئاڵوگۆڕی دراوەكان و بنكەكانی ئاڵوگۆڕكردن، بەوجۆرەی كە زامنی ئاسانكاریی پرۆسەكە بكات.

پێشتر پارێزگاری بانكی ناوەندیی سوریا لەبارەی دیزاینی دراوی نوێی وڵاتەوە باسی لەوە كرد، دراوەكە وێنەی هیچ كەسایەتییەكی لەسەر نابێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی رۆیتەرز، دراوی نوێی سوریا دوو سفری لێ كراوەتەوە، ئەمەش وەكو هەوڵێك بۆ گێڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە (لیرە) كە بەهۆی جەنگی ناوخۆیی 14 ساڵەوە، بەهاكەی زۆر دابەزیوە.

چاودێرانی بانكی هیواخوازن پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراو لە سوریا نەبێتە هۆی هەڵاوسان و لاوازبوونی توانای كڕین لەلایەن هاوڵاتیانەوە، كە خۆیان لە بنەڕەتەوە بەدەست بەرزی نرخەكانەوە دەناڵێنن.

وەكو پارێزگاری بانكی ناوەندیی سوریا باسی كرد، بەمزوانە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رێكدەخرێت و تێیدا وردەكاری پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراو دەخرێتەڕوو.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close