
لیرەی سوری لە ئێرانەوە دەهێنرێتە کوردستان
باسک نێت
لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سوریا چەندین ملیار لیرەی سوریا هێنراوەتە بازاڕەکانی هەرێم و تا ئێستا نرخی لیرە لە هەولێر و سلێمانی لە هەموو جیهان گرانترە.
لە دیمەشقی پایتەختی سوریا و تەواوی جیهان یەک ملیۆن لیرەی سوری بەرامبەر ۷٦ دۆلاری ئەمەریکیە کە دەکاتە ۱۱٤ هەزار دینار. بەڵام لە هەرێم یەک ملیۆن لیرەی سوری بەرامبەرە بە ۲۷۰ هەزار دیناری عێراقییە.
بازرگانانی دراو دەیانەوێت زۆرترین لیرەی سوری بەنرخی بەرز بفرۆشن و ڕۆژانە ملیاران لیرەی سوری دێتە بازاڕەکانی هەرێم و بەنرخی گران بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێت. بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێم بەبێ ئەوەی نرخی لیرە لە بازاڕەکانی جیهان بزانن بڕێکی زۆر لیرەیان کڕیوە و چاویان لەوەیە نرخەکەی بەرز بێتەوەو قازانج بکەن لە کاتێکدا تۆڕێکی بازرگانی دراو لە پشت گران کردنی نرخی لیرەوەن و دەیانەوێت خۆیان قازانج بکەن.
بڕێکی زۆر دراوی لیرەی سوری نوێ و بەکار نەهاتوو لەجۆری پێنج هەزاری دوای ڕووخانی ڕژێمی سوریا هێنراوەتە بازاڕەکانی هەرێم و دراوەکان بەکارتۆن لە ئێرانەوە هێنراون و هەرچەندە ڕۆژانە نرخی لیرە بەردەوامە لە دابەزین و لە سێ ڕۆژی دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد یەک ملیۆن لیرە بە ۷۰۰ هەزار مامەڵەی پێوە کرا بەڵام ئێستا بۆ ۲۷۰ هەزار دابەزیووە و بەردەوام دەبێت لە دابەزین تا دەگاتە نرخە جیهانیەکەی خۆی.




