ئابووریجیهانعێراقكوردستانهەواڵ

دۆلارێکی زۆر گەیشتە عێراق

باسک نێت

ئاژانسی هەواڵی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئەوەی خستە روو، بە پێێ ئامارێک کە لە بانکی ناوەندییەوە پێشکەشکراوە بانکە حکومی و ناحکومییەکانی عێراق لە ماوەی دوو هەفتەدا ٢٥٥ ملیۆن دۆلاریان هاوردەکردووە.

باسی لەوەش کردووە، ژمارەیەکی دیکە لە داواکاری بۆ هاوردەکردنی دۆلار لە ئارادایە و لە بواری جێبەجێکردندایە و چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەشێکی دیکە لە دۆلار بگاتە بانکەکانی عێراق.

لە ئێستادا لە بازاڕی دراوەکانی هەرێم ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٥٣ هەزار و ٧٥٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بەکاتی داخستنی بازاڕ لە رۆژی رابردوودا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار نزیکی ٣٥٠ دینار بەرزبووەتەوە.

بانکی ناوەندی عێراق دەڵێت، پڕۆسەی هاوردەکردنی دراوەکان و بە تایبەتتر دۆلار لە ژێر مۆڵەتی بانکی ناوەندیدا ئەنجامدەدرێت و ئەمەش بە مەبەستی پارەدارکردنی بانکە عێراقییەکان بە دراوە بیانییەکان ئەنجامدەدرێت.

هاوکات، جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی بەردەوامی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەهۆی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکاوە بەردەوامە کە بڕیارە بۆ ساڵی داهاتوو بانکەکانی عێراق لەلایەن بانکە ئەهلییەکانەوە زیاتر پارەدار بکرێن لە کاتێکدا لە رابردوودا پارەدارکردنی بانکەکان تەنها لە لایەن بانکی ناوەندییەوە ئەنجامدەدرا.

باسی لەوەش کرد، ئەنجامدانی ئەو کارە وا دەکات حەواڵەکردنی دەرەکی دۆلار خێراترببێت و خواست لەسەر دۆلار کەمتر ببێتەوە و بەو هۆیەوە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار بەرزتر ببێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close