ئابووریهەواڵ

هەنگەوانی گەڕۆک شار بە شار بە سندوقە هەنگەکانییەوە دەگەڕێت بۆ بەرهەمهێنانی باشترین هەنگوین

عەبدوڵڵا ئەردۆغان-ی تەمەن ٤٢ ساڵان کە لە قەزای کۆزان سەربە پارێزگای ئادانا باشووری توركیا دەژی، ماوەی ٢٣ ساڵە کاری هەنگەوانی دەکات و بەمەبەستی بەرهەمهێنانی باشترین هەنگوین بە هەنگەکانییەوە بەو پارێزگایانەدا دەگەڕێت کە دەوڵەمەندن بە گوڵی فلۆرا.

ئەردۆغان لە وەرزی بەهاردا لەگەڵ هاوسەرەکەی دۆندو (٣٥ ساڵ) و منداڵەکانی عەبدولکەریم (١٦ ساڵ) و هورو ئەردۆغان (١٢ ساڵ) دەست دەکات بە گەڕان بە ناوچەکاندا.

دوای تەواو بوونی کارەکانی لە قەزای کۆزان، ئەردۆغان بارهەڵگر بە کرێ دەگرێت و لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانیدا روو دەکاتە قەزای ساریچام لە پارێزگای ئادانا.

لەگەڵ گەیشتنی بە ناوچەکە کە ٢٠ رۆژ دەمێنێتەوە ئەردۆغان چادر هەڵدەدات بۆ مانەوە.

لە پاش ئادانا عەبدوڵلا ئەردۆغان دووبارە هەنگەکانی کۆدەکاتەوە و روو دەکاتە پارێزگای قەیسەری. دوای ئەوەی ماوەی مانگێکیش لەوێ ماوە، روودەکاتە پارێزگاکانی قۆنیا و ئایدن کە دەوڵەمەندن بە گوڵی فلۆریا، ئەویش لە پێناو بەرهەمهێنانی باشترین هەنگویندا.

ئەردۆغان لەگەڵ خێزانەکەیدا تا پاییز بەردەوام دەبێت لە گەڕانەکان، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای ئادانا بەمەبەستی کۆکردنەوەی بەرهەمەکەی.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، عەبدوڵلا ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە هەنگەوانی پیشەیەکی سەختە و بە سندوقی هەنگەوە روویان کردووەتە قەزای ساریچام و گوتی: ”ژمارەی سندوقە هەنگەکانم لێرەدا ٢٠٠ دانەیە، ١٠٠ دانەش لە قەیسەری. هەنگە بچووکەکانم بردووە بۆ قەیسەری”.

ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بەرهەمی هەنگوین بەپێی کەشوهەوا و سروشت دەگۆڕێت و، گوتيشی: ”٢٠٠ سندوقی هەنگ تێکڕا چوار تۆن هەنگوین دەدەن. بەگشتیی ئەم هەنگوینانە بە نرخی کۆ دەدەین بە کارگە. دوای ئەوەی لە کارگە دەکرێنە سندوقی بچووکەوە دەخرێنەڕوو بۆ فرۆشتن. لە پارێزگاکانی دەوروبەریش دا کڕیارمان هەیە”.

ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە هەنگ خۆی ناسکە و گواستنەوەشیان کارێکی سەختە و گوتی: ”قورسترین کاری هەنگەوانی گواستنەوەی هەنگەکانە. گواستنەوەیان بە رۆژدا نابێت. بۆ هەر شوێنێک بچیت پێویستە تا کاتژمێر ٠٥:٠٠ی بەیانی بگەیتە جێ. دەبێت پێش هەڵهاتی خۆر سندوقەکان دابگیرێن و دەمیان بکرێتەوە، ئەگەر نەگەیتە جێ دەبێ لەو شوێنی هەیت دایانبگریت و رۆژی دواتر بیانگوازیتەوە”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close