ئابووریعێراقهەواڵ

وەزارەتی دارایی عێراق: لەمساڵدا زیاتر لە دوو ترلیۆن دینارمان بۆ ھەرێم ناردووە

وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، دەبێت لە نێوان ھەرێم و عێراقدا گفتوگۆ بکرێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی پەیوەست بە گومرگ و داھاتی نەوت و پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا یەکلابکرێتەوە، دەشڵێت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی ناوەندی بڕی ٢،٠٨٠ ترلیۆن دیناری بۆ ھەرێم ناردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرجەم ئەو پارانەى وەزارەتەکەیان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ ھەرێمی ناردووە گەیشتووەتە بڕی ٢،٠٨٠ ترلیۆن دینار، کە ١،٣٦٠ ترلیۆنی لە سەردەمی کابینەکەى عادل عەبدولمەهدی و ٧٢٠ ملیاریش لە سەردەمی کابینەکەى مستەفا کازمیدا بووە. 

ئەوەش هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق چوارچێوەیەکی دارایی بنچینەیی بۆ ناردنی پارە بۆ حکومەتى هەرێم لە بودجەى ساڵی ٢٠٢١دا جێگیر دەکات و ئەو بڕە پارەیە لەسەر بنەماى خەمڵاندنەکانى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ پشکى هەرێم لە خەرجییە فیدراڵییەکان و خەمڵاندنەکانیان بۆ داهاتى نەوتى و نانەوتى هەرێم دانراوە. 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، جەختدەکەنەوە لەسەر ئەنجامدانى گفتوگۆ بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنى کاتیی پەیوەست بە گومرگ و داهاتى نەوت و پابەندبوونى هەرێم بە رێککەوتنى (ئۆپیک پڵەس) و یەکلاکردنەوەى قەرزەکانى بانکى بازرگانى عێراقى، کە پێویستە لەماوەى ٣٠ رۆژدا یەکلابکرێنەوە. 

تائێستا لە هەرێمی کوردستاندا تەنها دوو موچەی ئەمساڵ دابەشكراوە، ئەوەش ناڕەزایەتی موچەخۆرانی لێکەوتووەتەوە، دوێنێش ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم راگەیەندرا، کە لەو چوارچێوەیەدا، بەغدا بۆ هەر یەک لە مانگەکانی هەشت و نۆ و ١٠ی ئەمساڵ ٣٢٠ ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close