ئابووریجیهانهەواڵ

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا نرخی نەوت لە ژێر سفر مامەڵەی پێوە دەكرێت

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، نرخی نەوتی سووکی تێکساس بەو شێوەیە داڕما و نرخەکەی 37.63 دۆلاری ژێر سفر بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، و شەپۆلی فرۆشتن باڵی بەسەر نەوتدا کێشا بوو، ئەوەش بەهۆی مەترسییەکان بوو لە پڕبوونی یەکجاری عەمبارەکانی ئەمەریکا لە ناوەندی سەرەکی بۆ وەرگرتنی بارە نەوتەکان لە کاشینگی ویلایەتی ئۆکلاهۆما.

هەروەها نرخی گرێبەستەکانی نەهاتووی نەوتی خاوی برێنتیش دابەزی، بەڵام نەگەیشتە ئەو ئاستە لاوازەی هاوتا ئەمەریکییەکەی هۆکارەکەشی بۆ توانای عەمبارەکان دەگەڕێتەوە، بۆ کۆگاکرانی نەوتی خاوی برێنت.

بەوەش گرێبەستەکانی داهاتووی نەوتی سووکی تێکساس، بۆ مانگی ئایار بە رێژەی لە 306% و 60 دۆلاری لە دەستداو بۆ سالب 37.63 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، هەروەها بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنتیش بە رێژەی لە 9% و 2.51 دۆلار بۆ 25.57 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.

فیل فلین، راوێژکاری بازاڕی نەوت لە پرایس فیوتچەرز گرووپ لە شیکاگۆ دەڵێت “بەهۆی پڕبوونی عەمبارەکان، مامەڵەکاران ئەو گرێبەستە ناکڕن، هەروەها بەهۆی مانەوەی هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان، کاری زۆربەی پاڵاوگەکان کەمیکردووە، بۆیە هیچ پێشبینییەکن نییە کە ئەو دۆخە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا گۆڕانی بەسەردا بێت.

بەهۆی پڕبوونی عەمبارەکانیشەوە، ئێستا بازرگانان کەشتی نەوتهەڵگر بە کرێ دەگرن بۆ کۆگاکردنی نەوتەکانیان، چونکە شوێنی کۆگاکردن نەماوە، بەجۆرێک 160 ملیۆن بەرمیل نەوت لە تەواوی جیهاندا لە نێو کەشتییەکان کۆگاکراوە، بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا ئەو دابەزینە مێژووییەی بە شێوەیەکی کاتی ناوبرد، و رایگەیاند ئیدارەکەی لە توێژینەوەدایە بۆ ئەوەی بارە نەوتە داهاتووەکانی سعوودیە بۆ وڵاتەکەی رابگرێت.

بەهۆی ئەو گوشارە دابەزینە مێژووییەی نەوت و ئەو شڵەژانەی بەرۆکی ئابووری جیهانی گرتووە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، پشکەکانی ئەمەریکا بە رەنگی سوور داخران و بە گشتی ئاراستەی دابەزینیان وەرگرت.

پێنوێنی داوجۆنزی پیشەسازی بە توندی کاریگەر بوو داڕمانی نرخی نەوت و لە مامەڵەکانی وۆڵ ستریتدا 592 خاڵی لەدەستدا و  بە رێژەی لە 2.44% بۆ 23 هەزار و 650.44 خاڵ دابەزی. هەروەها پێنوێنی ستاندەرد ئاند پوورز 500 بەر رێژەی لە 1.79% و 51.40 خاڵ بۆ دوو هەزار و 823.16 خاڵ دابەزی. پێنوێنی ناسداکیش بە رێژەی 1.03 و 89.41 خاڵ بۆ 8 هەزار و 560.73 خاڵ دابەزی.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close