
یەمەن جارێک بە فیل، جارێک بە موشەک پەلاماری کەعبە دەدات!
شەپۆل احمد✍️باسک نێت
لە مێژوودا هەندێک ڕووداو هەن کاتێک لێیان ورد دەبیتەوە، نازانی پێبکەنیت یان سەرت بسوڕمێت!
یەکێک لەم هەوڵە سەیرانە، بیرۆکەی ڕوخاندنی کەعبەیە لەلایەن حاکمەکانی یەمەنەوە.
دیارە خاکی یەمەن ئاووهەوایەکی تایبەتی هەیە کە جار بە جار هەندێک لە حاکمەکانی تووشی نەخۆشیی ( فیلسەندڕۆم ) یان وەهمی گەورەیی دەکات؛ جارێک بە فیل و جارێکیش بە موشەک!
جاری یەکەم: ئەبرەهە و درامای فیلەکان (٥٧٠ی زایینی)
چیرۆکەکە لە سەدەی شەشەمی زایینی دەست پێدەکات. ئەبرەهەی حەبەشی، حاکمی ئەو کاتی یەمەن، کەنیسەیەکی زۆر گەورە و زێڕینی لە سەنعا دروست کرد بە ناوی ( القُلاّیس ) تا ڕووی حاجیان و بازرگانان لە کەعبەوە بگەڕێنێتەوە بۆ یەمەن. بەڵام کاتێک بینی کەس بایەخ بە شوێنە بریقەدارەکەی نادات، تووڕە بوو و بڕیاری دادپەروەرانەی دا وتی دەی کەواتە دەچم کەعبە دەڕوخێنم! سوپایەکی زەبەلاحی ڕێکخست لەگەڵ چەندین فیلی جەنگی کە لەو سەردەمەدا حوکمی ( تانکی ئەبرامز ) یان دەکرد. بەڵام تراجیدیای کۆمێدیی ئەبرەهە لە دەستپێکی ناوچەی ( مُغَمِّس )ی نزیک مەککە دەستی پێکرد:
فیلی سەرەکی کاتێک ڕوویان دەکردە کەعبە، دانیشت و ئامادە نەبوو یەک هەنگاو بنێت. کاتێک ڕوویان دەکردە یەمەن یان شام، بە غار دەڕۆشت! فیلەکەش لە حاکمەکە ژیرتر بوو.بۆیە ستراتیژیی ئاسمانی کارا بوو و لەبری ئەوەی سوپای مەککە بە شمشێر بەرەنگاری ببنەوە، خودای گەورە بچووکترین دروستکراوی خۆی (باڵندەی ئەبابیل)ی نارد.
وەک لە قورئانی پیرۆزدا هاتوو بە دەقێکی بڕیارداو:
«أَلَمْ تَرَ كَيْفَ فَعَلَ رَبُّكَ بِأَصْحَابِ الْفِيلِ * أَلَمْ يَجْعَلْ كَيْدَهُمْ فِي تَضْلِيلٍ * وَأَرْسَلَ عَلَيْهِمْ طَيْرًا أَبَابِيلَ * تَرْمِيهِم بِحِجَارَةٍ مِّن سِجِّيلٍ * فَجَعَلَهُمْ كَعَصْفٍ مَّأْكُولٍ» (سوورەتی الفيل)
بە کورتی، سوپا زەبەلاحەکەی ئەبرەهە بوو بە پوش و پەڵاشی خوراو و سەردەمی فیلەکان بە وەها شکستێک کۆتایی هات کە تا ڕۆژی پێغەمبەرایەتی، عەرەب ساڵەکەیان ناو نابوو عام الفيل و وەک نوکتەی مێژوویی دەیانگێڕایەوە.
جاری دووەم: حوسییەکان و شانۆگەریی موشەکەکان (سەدەی ٢١)
دوای زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵ، وادیارە نەخشەی جوگرافیی یەمەن دیسانەوە هەمان بیرۆکەی کۆمێدیی بەرەو سەنعا ناردووەتەوە. ئەمجارەیان لەبری ئەبرەهە، گرووپی حوسییەکانن، و لەبری فیل، موشەکی بالیستین!
عەقڵانییەت لێرەدا بەتەواوی لەکار دەکەوێت:
• ئەبرەهە لانیکەم کەنیسەیەکی دروست کردبوو تا جێگرەوە پێشنیار بکات؛ حوسییەکان تەنانەت ئەوەشیان نییە!
• ئەبرەهە بە سوپایەکەوە هات کە خەڵک بە چاوی خۆیان فیلەکانیان بینی؛ حوسییەکان لە ئەشکەوتەکانەوە موشەک دەتەقێنن و لە ئاسماندا دەبێتە تۆز و خۆڵ بەسیستەمی بەرگری.
کۆمێدیای بابەتەکە لێرەدایە: ماڵێک کە زیاتر لە ملیارێک و هەشت سەد ملیۆن موسڵمان بە قیبلەی دڵ و نوێژیانی دەزانن، و لە ڕووی مێژوویی، ڕۆحی و ئاسایشەوە پارێزراوە، حوسییەکان پێیان وایە بە چەند موشەکێکی دروستکراوی بێئامانج دەتوانن هاوکێشەکە بگۆڕن!
لە ڕوانگەی شیکاریی عەقڵانییەوە، کەعبە تەنها بینایەکی بەردین نییە کە بە موشەک یان فیل بڕوخێت؛ بەڵکو یەکەم لە ڕووی ئیمانی و دەقییەوە: پەروەردگار بە ئیبراهیمی خەلیلی فەرمووە کە ئەم مالە پیرۆزە و خۆی دەپارێزێت. کاتێک عەبدولموتەلیب (باپیرەی پێغەمبەر) چوو بۆ لای ئەبرەهە تا ووشترەکانی وەربگرێتەوە، ئەبرەهە پێی وت: “من هاتوم ڕووخێنەری کەعبە بم تۆ داوای ووشتر دەکەیت؟” عەبدولموتەلیب وەڵامە مێژووییەکەی داوە: ( أنا ربُّ الإبل، وللبيتِ ربٌّ يحميه ) (من خاوەنی ووشترەکانم، ئەم ماڵەش خاوەنێکی هەیە کە دەیپارێزێت). دووەم: ڕووی جیوپۆلەتیکی و ستراتیژییەوە: هەوڵدان بۆ لێدانی کەعبە، گەورەترین حەماقەتی سەربازی و سیاسییە، چونکە تەنها یەک شت مسۆگەر دەکات: یەکخستنی تەواوی جیهانی ئیسلامی بەرامبەر بە دەستدرێژیکار.
سەرەنجام، مێژوو فێری کردووین کە کەرەستەکان دەگۆڕێن (فیل دەبێتە موشەک، تیر و کەوان دەبێتە درۆن)، بەڵام عەقڵیەتی ئەبرەهەیی هەمان عەقڵیەتە. ئەگەر ئەبرەهەی یەکەم بە بەردی سەجیل بوو بە پوشی خوراو، ئەبرەهەکانی نوێش تەنها ناویان لە پەڕاوەکانی مێژوودا وەک بەشێک لە کۆمێدیای سیاسەت دەنوسرێتەوە و کەعبەش هەر بە سەربەرزی و ئاوەدانی دەمێنێتەوە.




