
هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار
باسک نێت
عەلی دەعدووش، شارەزای ئابووری، هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بۆ لێدوانی بەشێک لە سیاسەتمەدارەکان، دۆخی “نەدڵنیایی” و قۆرخکاری بازاڕ دەگەڕێنێتەوە، کە وایکردووە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەکاندا نزیک ببێتەوە لە 160 هەزار دینار.
ئەو شارەزایەی ئابووری لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لێدوانە “نابەرپرسانەکان”ی بەشێک لە سیاسەتمەدارەکان و کەسانی پسپۆڕنەبوو، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕە ناوخۆییەکان و بەهای دینار هەیە. هەروەها دۆخی نەدڵنیایی و قۆرخکاری بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا و لە ئەنجامدا بەهاکەی بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێک لە خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکاندا لە ڕێگەی ئەو دۆلارەوە دەبێت کە لەلایەن گەشتیاران، کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە دەگەڕێتەوە، کە پێشتر بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندییەوە وەریانگرتووە. بەڵام ئەم خستنەڕوویە کەمیکردووە بەهۆی کەمبوونەوەی دۆلار لای بازرگانان و هاوردەکاران لە دەرەوەی وڵات، ئەوەش لە ئەنجامی دواکەوتنی حەواڵە فەرمییەکانی تایبەت بە هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.
عەلی دەعدووش ڕوونیکردەوە، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر نرخە ناوخۆییەکان دەبێت، چونکە عێراق بۆ زۆرینەی کاڵاکان پشتی بەستووە بە هاوردەکردن، ئەمەش سەرباری بەرزبوونەوەی باج و رسوماتە گومرگییەکان کە هۆکارێکی دیکەن بۆ گرانبوونی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە بازاڕەکاندا.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، دەعدووش پێی وانییە بانکەکە ڕاستەوخۆ دەستوەردان بکات لە بازاڕی هاوتەریبدا، چونکە پشت بە سیستەمی فەرمیی ئاڵوگۆڕ و حەواڵەی دارایی دەبەستێت لە ڕێگەی بانکەکانەوە، بەڵام دەتوانێت لە ڕێگەی ئاراستەکردنی پەیامی دڵنیاییەوە بۆ بازرگانان و شەقام سەبارەت بە بەردەوامیی گەیشتنی شحنەی دۆلاری کاش لە یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاوە، دۆخەکە هێور بکاتەوە.




