نوسەران

ئای دەبێ حاڵی ئەمانە چۆن بێ ؟!

ئای دەبێ حاڵی ئەمانە چۆن بێ ؟!

پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت

لەزمانی عەرەبیدا دوو وشەمان هەیە یەکێکیان( فاسِد ) ە ، ئەوی تریشیان ( مُفْسِد ) ە ..

پرسیار : ( فاسِدْ ) کێیە ؟ ( مُفْسِد ) کێیە ؟

( فاسِد ) بە بڕوای من ئەوەیە : لە دزی و تاڵانی گەندەڵی تێوە دەگلێت ، ( مُفْسِد ) یش ئەوەیە : پاساو بۆ گەندەڵیەکە دەهێنێتەوە ، ڕووی گەندەڵی سپی دەکاتەوەو گۆڕانی بە شان و باڵی گەندەڵکاراندا دەڵێت .

بێگومان ( فاسِد) ەکان ، واتە گەندەڵکاران زۆرن ، جۆراوجۆرن ، هەیانە نەفام و بێ ئاگایە ، بەڵام مەترسی و زیانی ( مُفْسِد ) ەکان واتە ئەوانەی ڕووی گەندەڵی و گەندەڵکاران سپی دەکەنەوە و پشتیوانیان دەکەن زۆرترەو گەورەترە… دەزانن بۆ ؟ لەبەرئەوەی ئامرازو کەرەستەی درۆکردن و خەڵەفاندن و چەواشەکردنیان لەبەردەستدایە و ، کار لەسەر جوانکردن و ڕازاندنەوەو پینەکردنی ناشیرینەکان دەکەن ، بەهانەو پاساو بۆ ستەم دەهێننەوە و ، ڕاستیەکان لە چاوی خەڵکدا هەڵدەگێڕنەوە..

قورئان دەفەرموێ : ( ولاترکنوا الی الذین ظلموا فتمسکم النار ../ مەڕۆن بەلای ستەمکارانداو مەیلیان مەدەنێ چونکە بەر ئاگر دەکەون ).

کەواتە ئەگەر تەنها مەیلکردن بەلای ستەمکاران و ڕازی بوون بەوەی ئەنجامی دەدەن و ، سوود وەرگرتن لە سفرەو خوانیان مایەی هەڕەشەو سوتان بێت بەئاگرو دۆزەخ ، دەی دەبێ حاڵی ئەوانە چۆن بێت قەڵەم و نوسین و وتارو پەیجەکانیان تەرخان کردووە بۆ بەرگریی لەستەمکاران و ، مەکینەی ئیعلامیان گەرم کردووە بۆ ڕازاندنەوەی ناشیریەکانی ئەوانەی شەوو ڕۆژ مرۆڤەکان دەچەوسێننەوەو سەروبنی وڵات و خاک و نیشتیمان تاڵان دەکەن ؟!

بێ گومان پاساو هێنانەوە بۆ ستەم ، مانای ئەوە نیە خاوەنەکەی لە ستەمکار تاوان و گوناهی کەمترە ، بێ دەنگیش لە ئاست ستەم و گەندەڵی و چەوساندنەوە قەت نابێتە مایەی سڕینەوە،و لەبیرچوونەوەی ستەمەکە .. باشە ئەی ئەگەر کەسێک قەڵەم و نوسین و زمانی خستبێتە گەڕ بۆ ڕازانداەوەی ڕووی ناشیرنی ستەمەکە ، تاوانباران بەریی بکات و ، گومان لە ئێش و ئازارو تاڵاوی قوربانیەکان دروست بکات ،حاڵی چۆنە ؟!

جێی خۆیەتی ئەم جۆرە کەسانە کە ئەمە سیفەت و پیشەو ئاکاریانە — بۆ یەکجاریش بێت — پێداچوونەوەیەکی ڕاستگۆیانە بە خۆیاندا بکەن ، چونکە دڵنیابن ( مفسد ) هەمیشە ئەو کەس و لایەنە نیە بە دەستی خۆی تاوان و ستەمەکە ئەنجام دەدات ، بەڵکو دەکرێ بەتەنها وشەو قەڵەم و نوسینێک ببێتە هاوبەشی ستەم و تاوانەکە ، ئەگەر چی ئێوارە بۆ بەیانی بڕو بیانوو و پاساویش بۆخۆی بهێنێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close