
“له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا بۆری نه‌وتی كه‌ركوك- نه‌ینه‌وا ئاماده ده‌بێت بۆ كاركردن”
باسک نێت
باسم محه‌مه‌د خزه‌یر بریكاری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ت كار بۆ ته‌واوكردنی هێڵی بۆری نه‌وتی كه‌ركوك- نه‌ینه‌وا ده‌كات، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بۆرییه‌كه له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا ئاماده‌بێت بۆ كاركردن.
بریكاری وه‌زاره‌تی نه‌وت به ئاژانسی فه‌رمی ده‌نگوباسه‌كانی عێراقی وتووه: ئه‌م بۆرییه ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی سنوری هه‌رێمی كوردستان و توانای هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌م بۆرییه‌وه ده‌گاته 350 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه، به‌ڵام گه‌یشتن به‌م ژماره‌یه له ئێستادا ئه‌سته‌مه، ئه‌مه به‌هۆی ئه‌وه‌ی توانای بۆری گواستنه‌وه‌ی نێوان به‌سره و كه‌ركوك سنورداره.
“چاره‌سه‌ری ته‌كنیكی پێشنیازكراو بریتییه له پرۆژه‌ی ستراتیژی (به‌سره- حه‌یسه) له ئاینده‌دا” بریكارهكه وا ده‌ڵێ.
سه‌باره‌ت به جوڵه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌رێگه‌ی گه‌رووی هورمزه‌وه، باسم محه‌مه‌د خزه‌یر باسله‌وه ده‌كات، به‌ر له رووداوه‌كانی ئێستا (مه‌به‌ستی جه‌نگی ئهمریكاو ئێرانه) عێراق رۆژانه 3 ملیۆن و 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده ده‌كرد، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه به‌رهه‌می راسته‌قینه بریتییه له 4 ملیۆن و 200 هه‌زار به‌رمیل. ئه‌گه‌ر دووباره گه‌رووی هورمز بكرێته‌وه، وه‌زاره‌ت له توانایدایه ته‌نیا له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سروشتی پێشووی خۆی.
ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، پرۆسه لۆجستییه‌كان به‌رده‌وامن و، دوو كه‌شتی له نه‌وتی خاو باركراون و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كه‌ن دوو كه‌شتی تر بگه‌ن، وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێ: كاتی جوڵه‌ی كه‌شتییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ پشت به سه‌قامگیری دۆخی ئه‌منی ده‌به‌ستێت.




