كەش و هەوا

 هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و سەرما بۆ هەرێمی کوردستان

هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و سەرما بۆ هەرێمی کوردستان

باسک نێت

شارەزایانی کەشناسی هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و سەرما بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا.

بەپێی نوێترین شیکارییەکان بۆ نەخشەکانی کەشناسی جیهانی، پێشبینی دەکرێت لە هەندێک ناوچە بڕی بارانبارین بگاتە 70 ملم و پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزن.

بەپێی پێشبینیی شارەزایان، لە نێوان 15 بۆ 19ی ئەم مانگەدا، شەپۆلێکی بارانبارینی سەروو ئاسایی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. ئەم شەپۆلە سەرچاوەکەی نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەریی ساردە کە سەرەتا لە ئەوروپاوە دەستپێدەکات و دواتر لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات.

هەربەپێی پێشبینیەکان، چاوەڕێ دەکرێت زۆرترین بڕی بارانبارین لە پارێزگاکانی، (دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی ڕاپەڕین و سۆران)

هەروەها، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دهۆک بڕی بارانەکە لە نێوان 40 بۆ 70 ملم بێت. شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بەوە دەدەن کە هاوکات لەگەڵ بارانبارینەکە، چەند دیاردەیەکی دیکە ڕوودەدەن، لەوانە دابەزینی پلەکانی گەرما و سەرماو سۆڵەیەکی بەرچاو ناوچەکە دەگرێتەوە. هاوکات، لەسەر چیا بەرزە سنوورییەکان ئەگەری بارینی بەفر هەیە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close