
سی ئێن ئێن:
بڕیارە ئەمڕۆ تاران وەڵامی پێشنیازە 14 خاڵییەكەی واشنتۆن بداتەوە
باسک نێت
لەگەڵ جەختكردنەوەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا بەوەی رێککەوتن لەگەڵ تاران نزیکە، پێشبینی دەکرێت لایەنی ئێرانی لەماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی پێشنیازی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بداتەوە کە 14 خاڵ لەخۆدەگرێت.
تۆڕی هەواڵی “سی ئێن ئێن” لە زاری سەرچاوە هەرێمایەیتەكانەوە راگەیاندووە، تاران سەرقاڵی دیراسەكردنی پێشنیازەكەی ئەمریكايەو بڕیارە ئەمڕۆ وەڵامبداتەوە.
بەرپرسانی ئه مریکا ئاشکرایان کردووە، پێشنیازەكەی ئەمریکا داوا له تاران دەکات بەشێوەیەکی فەرمی رایبگەیەنێت به دوای به دەستهێنانی چەکی ئه تۆمیدا ناگەڕێت.
روونیانیشیان کردەووەتەوە، واشنتۆن داوای هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و ناتانز و ئیسفەهانی کردووە، هاوكات لە دەقی پێشنیازەکەدا هاتووە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 20 ساڵ رابگیرێت.
سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێنراویش، لە پێشنیازەکەدا باس لە پێویستی رادەستكردنی كراوە، بەڵام ناسنامەی ئەو لایەنە یان وڵاتەی کە وەریدەگرێت، ئەگەر تاران ڕازی بێت، تا ئێستا روون نییە، هەرچەندە پێشتر روسیا پێشنیاری قبوڵکردنی وەرگرتنی یۆرانیۆمەكەی کردبوو.
جگە لەوەش ئەمریکا گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرت لە بەرامبەر لابردنی كۆتوبەندەكانی ئێران بۆ تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا.




