
میدیاکانی ئێران:
خاڵی سەرەكی پێشنیازە 14 خاڵییەكەی ئێران بۆ ئەمریكا كۆتایهێنانی یەكجارییە بەشەڕ نەك ئاگربەستی پچڕ پچڕ
باسک نێت
میدیاکانی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویان کردەوە، تاران پێشنیازێکی 14 خاڵی پێشکەش بە ئەمریکا کردووە، لە ڕێگەی پاکستانەوە، لە وەڵامی پێشنیازێكی نۆ خاڵیی ئەمریکا، پێشنیارەکە نەخشەڕێگای بەرجەستە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەخۆدەگرێت.
ئاژانسی هەواڵی فارس رایگەیاندووە، پێشنیازەكەی ئێران هێڵە سورەکانی تاران و نەخشەڕێگایەک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ دەخاتە ڕوو.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەكردووە، پێش ناردنی ئەو پێشنیازە لە چوارچێوەی ئۆرگانەکانی بڕیاردەری ئێراندا پێداچوونەوەی بۆ کراوە و رەزامەندی پێویستی وەرگرتووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، دوایین پێشنیازی ئەمریکا بۆ هێوركردنەوە لەگەڵ ئێراندا ئاگربەستی بۆ ماوەی دوو مانگ لەخۆگرتبوو. بەڵام وەڵامی ئێران کۆتاییهێنانە بە شەڕ بەشێوەیەكی یەكجارەكی، نەک تەنها درێژکردنەوەی کاتی ئاگربەست.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی تەسنیم، تاران لە وەڵامەكەیدا جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کردووەتەوە لە ماوەیە كە 30 رۆژ تێپەڕنەكات، جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئەولەوییەت داخستنی دۆسییەی شەڕبێت بە تەواوی ، نەک بەڕێوەبردنی ململانێکان لە ڕێگەی ئاگربەستی پچڕپچڕەوە.




