ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیعێراقكوردستاننوسەرانهەواڵ

لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، پشت و پەنای گەل و پارێزەری شوناسی ئایینی و کلتوری ڕەسەنی کورد دەبین

بەبۆنەی رۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی، پیرۆزبایی لە خۆم و سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی بزووتنەوەی ئیسلامی و کوردستان دەکەم.

٢٢ی نیسانی ھەموو ساڵێک یادی ڕۆژنامەگەری کوردی دەکرێتەوە ئەمەش بەبۆنەی ساڵیادی دەرچوواندنی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بەناوی ڕۆژنامەی کوردستان، لەلایەن میقداد میدحەت بەدرخان لە قاھیرە لە ساڵی ١٨٩٨.

بەڕێزان، بەداخەوە بابەتی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان، ناوتوانین ناوی بنێین ئازادی، چونکە هەر بابەت و کەیسێک زیانی بۆ حوکمڕان و بازرگانەکان هەبێت دەچێتە چوارچێوەی ڕۆژنامەوانی تێکدەر و دەستگیرکردن و تا دوایی، پێموایە ئەو ئازادیەی باسی لێدەکرێت، دەچێتە چوارچێوەی بەڕەڵایی ڕۆژنامەگەری.

بەداخەوە ڕۆژنامەگەری کوردی تووشی شێرپەنجە بووە و لە ئانوساتی داڕوخاندایە، بەشێوەیەک هێندەی کار لەسەر تێکدان و شێواندنی کلتور و ئایین و بەها باڵاکانی کورد دەکرێت، هێندە کار لەسەر مافەکانی کورد ناکرێت، هەر کەس و بازرگان و چاوچنۆکێک هەڵدەستێت پەیج و کەناڵێک دروست دەکات و ژمارەیەکی نەزانی قوڕمیشکراو کاری تێدا دەکەن و نەزانانە خۆیان و پیشەکەیان و گەلەکەشیان ڕووبەڕووی نەهامەتی دەکەنەوە.

لێرەوە داواکارم لایەنە پەیوەندیدارەکان سنوورێک بۆ ئەو بێڕێزییە دابنێن کە بەداخەوە دەکرێتەسەر پیشەی پیرۆزی ڕۆژنامەنووسی.
هاوکات ئەو دۆخەی کە ناوچەکە و عێراق و هەرێمیشی پێدا تێپەڕ دەبێت، مەترسیدارە و پێویستە میدیاکان و حزبەکانیان بە هەستیارییەوە مامەڵە بکەن، کە بەداخەوە بینیمان هەندێک میدیا لایەنگریان کرد و نابەرپرسانە مامەڵەیان کرد لە ڕۆژانی ڕابردوودا.

هاوکات، ئێمە لە ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەگەرچی بەشێوەیەکی پپیشەیی و یاسایی کارەکانمان ڕادەپەڕێنین، بەڵام هەمیشە دەیان کێشەی جۆراوجۆر و ڕێگری لەکارکردن ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، سەرباری ئەوانەش هەموو کوردێکی ڕەسەن و موسڵمان دڵنیا دەکەینەوە، ئەگەر بە تەنیاش بێت ئەوە ئیعلان دەکەین کە پشت و پەنای گەلی کورد و پارێزەری شوناسی ئایینی و کلتوری ڕەسەنی کورد دەبین، هەمیشە کار لەسەر زیندووکردنەوەی بەها باڵاکان و نیشاندانی کار و کرداری جوان دەکەین، بەشێوەیەک مێژووی دوێنێمان دەکەینە هەوێنی کاری ئەمڕۆمان، تاکو نەوەی نوێ بزانێت کورد ئایین و کلتور و جوانی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەوەی ئێستا کۆمەڵێک بەناو ڕاگەیاندن بە پیلانی خەڵکی ئەنجامی دەدەن لە سرینەوەی کلتوری کورد و شێواندنی، ئێمە بە توندی و بە پلانەوە وەڵامیان دەدەینەوە.

لێرەشەوە جارێکی دیکە دەستی یەک بەیەکی ڕۆژنامەنووسانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە سەرجەم میدیاکانی بینراو و بیستراو و نوسراو دەگوشم و پیرۆزباییان لێدەکەم، داواکارم هەمیشە لەسەر ئەو ڕێچکە جوانە کار بکەن کە پارێزگارییە لە ڕابردووی جوانمان و شانازی پێوە بکەن، وەک چۆن یەکەمین بووین لە هەرێمی کوردستان، بەو شێوەیە یەکەمین دەبین لە پاراستنی شکۆی ڕۆژنامەگەری و پیشەی ڕژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان.

سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی
ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی

21/4/2026

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close