ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنهوهی ئیسلامیرابــهری گشتینوسەران
“لە پریسەوە بۆ ئەنتاڵیا: دروستکردنی دەرگایەکی نوێی دیپلۆماسی”

“لە پریسەوە بۆ ئەنتاڵیا: دروستکردنی دەرگایەکی نوێی دیپلۆماسی”
ئاراس محمد✍️باسک نێت
کۆڕبەندی جیهانی ئەنتالیا 2026
کە هەموو ساڵێک لە وڵاتی تورکیا بەڕێوە دەچێت، ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی گفتوگۆی سیاسی و دیپلۆماسی لە ئاسەر ئاستی جیهان. ئەم کۆڕبەندە تەنها شوێنێک نییە بۆ کۆبوونەوە، بەڵکو پلاتفۆرمێکە بۆ ئاڵوگۆڕی بیر و دروستکردنی ڕێگاکانی چارەسەری قەیرانەکان و ئاراستەکردنی سیاسەتی داهاتوو.
گرنگی ئەم کۆڕبەندە زیاتر دەردەکەوێت کاتێک سەرنج بدەین بە جۆری بەشداربوانی. لەوانە سەرۆکی دەوڵەتان، سەرکردە سیاسییەکان، وەزیرانی دەرەوە، پسپۆڕانی ستراتیژی و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، سەرکردە و سەرۆکی هێز و لەیەنە سیاسیە خاوەن خەبات و بە ئەزموونەکان، هەموویان لە یەک شوێندا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر هەستیارترین بابەتەکانی جیهان. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆڕبەندەکە ببێتە شوێنێکی کاریگەر.
لە نێوان ئەم هەموو بەشداربوانەدا، بەشداری کورد گرنگی تایبەتی هەیە. ئەم بەشدارییە دەرفەتێکە بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کورد و خستنەڕووی کێشە و داواکارییەکانیان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی.
هەروەها، دەکرێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و گەشەپێدانی ڕۆڵی کورد لە چارەسەری کێشە ناوچەییەکان.
لەو چوارچێوەیەدا، بەشداری شیخ عیرفان علی عبدالعزیز وەک ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، مانایەکی تایبەتی هەیە.
ئەو لە ماوەی ڕابردوودا وەک سەرکردەیەکی خاوەن ڕەئی و میانهڕەو دەرکەوتووە کە دەتوانێت دەنگی بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەی کورد بگەیەنێت. هەڵبژاردنی لەنێو ئەو هەموو سەرکردە سیاسییانەی کورد، نیشانەی ئەوەیە کە جەنابین لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی وەک سەرکردەو سیاسییەکی حەکیم و خاوەن متمانە ئەژمار دەکرێت و ڕۆڵێکی دیاریکراوی هەیە لە مەیدانی سیاسی.
هەروەها، ڕۆڵی شێخ عیرفان لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جێگای سەرنجە. ئەو بەردەوام بانگەشەی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانەی کردووە و هەوڵیداوە نزیکایەتی لە نێوان لایەنە جیاوازەکان دروست بکات، کە ئەمە ڕۆڵێکی گرنگە لە هەر پرۆسەیەکی ئاشتیدا.
لە ڕووی شیکاریشەوە، مامۆستا عیرفان خوێندنەوەیەکی واقیعی و وردی بۆ ڕوداوەکانی ناوچە هەیە، بە تایبەتی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سوریایی نوێ و گۆڕانکارییە سیاسییەکان و هاتنە سەرکاری ئەحمەد شەرع. ئەم جۆرە شیکارییانە وای کردووە وەک سەرکردەیەکی خاوەن دیدی ستراتیژی و تێگەیشتنێکی قووڵ لە دۆخی ناوچە دەرکەوێت.
بەشداری عیرفان علی عەبدولعەزیز لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا ٢٠٢٦ تەنها بەشدارییەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو هەنگاوێکی ستراتیژییە کە دەکرێت لە چوارچێوەی دیپلۆماسییەتی نوێدا لێکبرێتەوە، بە تایبەتی کاتێک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی و کەسایەتییەکی ئیسلامی لەسەر ئاستی ناوچەیی دەبێتە بەشدار.
گرنگیی بانگهێشتکردنی مامۆستا عیرفان بەهۆی ئەوەیە کە ئەو نوێنەرایەتیی ڕەوتێکی فکری و سیاسی دەکات کە لە ناو کۆمەڵگای کوردی و ناوچەکەدا کاریگەریی و مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە. ئەمە وا دەکات کۆڕبەندەکە تەنها سنووردار نەبێت بە حکومەتەکان، بەڵکوو دەنگی ڕەوت و بزووتنەوە جیاوازەکانیش بگات. لە سیستەمی نوێی جیهانی، ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان وەک ڕێکخراوەکان، ڕابەران و کەسایەتییە ئایدیۆلۆژیکییەکان، ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە دروستکردنی سیاسەت و ئاراستەکردنی بڕیاردا.
گرنگیی ئامادەبوونی مامۆستا عیرفان بریتییە لە دروستکردنی پلەیەکی نوێی پەیوەندی، کە تێیدا ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان دەتوانن بەشێکی گرنگ بن لە چارەسەرکردنی کێشە ناوچەییەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی هاوبەش. ئەم جۆرە بەشدارییانە ڕێگاکان دەکەنەوە بۆ دیپلۆماسییەتی زیاتر و کاریگەرتر، کە لە داهاتوودا کاریگەرییەکی درێژخایەن دەبێت.
لە کۆتاییدا، دەتوانرێت بڵێین شێخ عیرفان لەم دواییانەدا وەک سەرکردەیەکی دڵسۆز، نیشتیمانپەروەر و خاوەن دید و ستراتیژی ناسراوە.
ئەگەر ئەم ڕێبازە بەردەوام بێت، چاوەڕوان دەکرێت خۆی و بزووتنەوەکەشی ئایندەیەکی ڕوون و کاریگەرتریان لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەبێت.




