تەندروستی

ئایە هەموو خیزەی سنگێک لە منداڵاندا ڕەبۆیە

ئایە هەموو خیزەی سنگێک لە منداڵاندا ڕەبۆیە؟

نەخێر، هەموو خیزەی سنگێک لە منداڵاندا بە واتای ڕەبۆ (Asthma) نایەت. هەرچەندە ڕەبۆ یەکێکە لە هۆکارە باوەکان، بەڵام چەندین هۆکاری تری تەندروستی هەن کە دەبنە هۆی دروستبوونی ئەو دەنگە.
لێرەدا باوترین ئەو هۆکارانە دەخەینە ڕوو کە دەبنە هۆی خیزەی سنگ لە منداڵاندا:
١. هەوکردنی بۆریچکەکانی هەوا (Bronchiolitis)
ئەمە زیاتر لە منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵدا باوە، زۆربەی کات بەهۆی ڤایرۆسەوە (وەک ڤایرۆسی RSV) دروست دەبێت. نیشانەکانی لە ڕەبۆ دەچن بەڵام تەنها کاتێک منداڵەکە پەسیو یان هەڵامەتی هەبێت دەردەکەوێت.
٢. هەوکردنی سییەکان (Pneumonia)
هەندێک جار هەوکردنی توندی سییەکان بەهۆی بەکتریا یان ڤایرۆسەوە دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی بەڵغەم و تەسکبوونەوەی ڕێڕەوی هەوا، کە دەنگی خیزە دروست دەکات.
٣. هەستیاری (Allergies)
هەستیاری بە تۆز و خۆڵ، بۆن، یان مووی ئاژەڵ دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێڕەوی هەوا بئاوسێت و خیزە دروست بکات، بەبێ ئەوەی منداڵەکە ڕەبۆی درێژخایەنی هەبێت.
٤. گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە (GERD)
لە هەندێک منداڵدا، ترشەڵۆکی گەدە دەگەڕێتەوە بۆ سوورێنچک و هەندێکجار دەچێتە ناو کۆئەندامی هەناسەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی وروژاندنی بۆری هەوا و دروستبوونی خیزە.
٥. چوونە ناوەوەی تەنێکی نامۆ
ئەگەر خیزەکە کتوپڕ دەستی پێکرد، ئەگەری هەیە منداڵەکە پارچەیەکی بچوکی یاری یان خواردنی (وەک چەرەس) بردبێتە ناو کۆئەندامی هەناسەیەوە. ئەمە بارودۆخێکی کتوپڕە و پێویستی بە پزیشکە.
٦.ناڕێکییە زگماکییەکان (Congenital Anomalies) یەکێکن لە هۆکارە گرنگەکانی خیزەی سنگ، بەتایبەت لەو منداڵانەی کە هەر لە دوای لەدایکبوون یان لە مانگەکانی سەرەتای تەمەنیانەوە دەنگی خیزەیان هەیە و بە دەرمانی ئاسایی ڕەبۆ چاک نابن.
ئەو ناڕێکییە زگماکییانەی دەبنە هۆی خیزە بریتین لە:

ا.نەرمیی کڕکڕاگەی بۆری هەوا (Tracheomalacia)
ئەمە باوترین جۆری ناڕێکی زگماکییە. تێیدا کڕکڕاگەی بۆری هەوا (کە دەبێت توند بێت بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکە کراوە بێت) نەرمە. لە کاتی هەناسەداندا، بۆرییەکە کەمێک دادەخرێت و دەنگی خیزە یان “خرخرە” دروست دەکات. زۆربەی ئەم منداڵانە تا تەمەنی ٢ ساڵی خۆیان چاک دەبنەوە.

ب.ئەڵقە لولەییەکان (Vascular Rings)
هەندێک جار منداڵەکە بە ناڕێکییەک لە دەمارە خوێنبەرە گەورەکانی دەوروبەری دڵ لەدایک دەبێت. ئەم دەمارانە بە شێوەیەک گەشە دەکەن کە وەک “ئەڵقە” دەوری بۆری هەوا دەدەن و دەیگوشرێن. ئەم فشارە دەبێتە هۆی خیزەیەک کە بە گۆڕینی پۆزیتی منداڵەکە (وەک ڕاکشان یان دانیشتن) دەگۆڕێت.

ج.تەسکبوونی زگماکیی بۆری هەوا (Tracheal Stenosis)

لەم حاڵەتەدا بەشێک لە بۆری هەوا لە بنەڕەتەوە تەسکترە لە باری ئاسایی، ئەمەش وا دەکات هەوا بە زەحمەت تێپەڕێت و دەنگی خیزە یان نوزەی هەناسە دروست بکات.
د.کیسی سییەکان (Congenital Lung Cysts)
هەندێک منداڵ بە کیس یان پەڵەی نائاسایی لەناو سییەکانیاندا لەدایک دەبن. ئەم کیسانە دەبنە هۆی فشار خستنە سەر شانەکانی سی و بۆریچکەکانی هەوا، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی خیزە و هەوکردنی دووبارەبووەوەی سنگ.
ه .کێشەی زگماکی لە کۆئەندامی هەرس (H-type Fistula)
جۆرە پەیوەندییەکی نائاسایی هەیە لە نێوان سوورێنچک و بۆری هەوا. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بڕێکی کەم لە شیر یان شلەمەنی بچێتە ناو سییەکان و ببێتە هۆی خیزە و کۆکەی بەردەوام، بەتایبەت لە کاتی شیرخواردندا.

دکتۆر پشدەر عبدالله أسماعيل
پسپۆڕی نەخۆشیەکانی منداڵان

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close